تابلۆیەكی ریكلام بەدەست كارمەندانی شارەوانییەوە، فۆتۆ: راگەیاندنی شارەوانیی هەولێر
لە هەولێر
تابلۆ و فلێکس و ریکلامە بازرگانییەکان لێكرانەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەوانیی هەولێر بە ئەمری سەرۆكەكەی هەڵمەتی لێكردنەوە و لابردنی تابلۆ و فلێكس و ریكلامە بازرگانییەكانی ئەنجام دا و ئەوەش یەكەمجار نییە كاری لەو جۆرە دەكەن.
سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئەمڕۆ دووشەممە 25.8.2025 بڵاویكردەوە، بە فەرمانی سەرۆكی شارەوانی، هەڵمەتێکی فراوانی لێکردنەوە و لادانی گشت تابلۆ و فلێکس و ریکلامە بازرگانییەکانیان لە گەڕەک و کۆڵان و شەقامە گشتییەکانی شاری هەولێر دەستپێكرد.
شارەوانیی هەولێر دەڵێت، ئەو تابلۆ و ریكلامانە بە شێوەیەکی هەڕەمەکی و زێدەڕۆیی هەڵواسراون، كە بوونەتە هۆی شێواندنی شەقامەکان و ناشیرنكردنی سیمای شار .
ئەوەشیان باسكردووە، هەڵمەتەکە بە شێوەیەکی گشتگیر لە سنووری هەر شەش بەڕێوەرایەتییەکانی شارەوانیی هەولێر ئەنجامدراون، ئەوەی ئەو كارەش دووبارە بكاتەوە، شوێنەکەی دادەخرێت و رووبەڕووی سزا دەبێتەوە.
لە ماوەی رابردووش شارەوانیی هەولێر هەڵمەتێكی هاوشێوەی ئەنجام دا و هەرچی لە تابلۆ و ریكلامی بازرگانی و فلێكس، هەروەها پۆستەرەكانی هەڵبژاردنی رابردووش، كە بە دیواری شارەوە مابوونەوە، هەمووی لابرا.