خانەقین - فۆتۆ - میدیازان

گوندەی کاکەیینشینەکانی سنووری خانەقین قیرتاو دەکرێن

میدیازان – راژان مەجید – خانەقین

ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، شەقام و کۆلانەکانی گوندەکانی کاکەیی نشینی سنووری خانەقین، قیرتاو دەکەن.

کەریم عەلی ئاغا، جێگری یەکەمی پارێزگاری دیالە بە میدیازانی راگەیاند، شەقامەکانی گوندەکانی یوسف بەگ، خەلیل فەتحوڵلا و دارا، وەک قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی ناو گوندەکانی دەوربەری خانەقین.

میدیازان دەزانێت، ئەو گوندانە دەکەونە سنووری قەزای خانەقین و، زۆرینەی دانیشتووانیان کوردانی کاکەیین، پڕۆژەیە قیرتاوەکەش، لەلایەن ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بودجەی بۆ تەرخانکراوە.

قەزای خانەقین، دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی بەعقوبەی سەنتەری پارێزگای دیالە، ١٠٩ کیلۆمەتر لێیەوە دوورە. هەریەکە لە ناحیەکانی گوڵاڵە، سەعدیە، مەیدان و قۆرەتوو، سەر بە قەزای خانەقینن و، بەگوێرەی دوا زانیاری دەستەی ئامارەی حکومەتی عێراق لە ساڵی ٢٠١٧، ژمارەی دانیشتوانی خانەقین ١٦٠ هەزارو ٣٧٩ کەس بووە.

كەریم عەلی ئاغا، ئەو زانیارییەی میدیازان پشتراست دەکاتەوە کە پڕۆژەی قیرتاوکردنەکە لەسەر بودجەی ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، زانیاری زیاتری دا کە گوندەکانی مێخاس، عەلی خان و مەلا رەحمان لە داهاتووێکی نزیکدا ئەوا شەقام و کۆڵانەکانی قیرتاو دەکرێن.

زیاتر وتی “دانیشتوانی ئەو گوندانە لە وەرزی زستاندا هەمیشە ئاستەنگی هاتوچۆیان هەبوو، بە قیرکردنی شەقام و کۆڵانەکانی ناو ئەو گوندانە، کێشەو گرفتی هاتوچۆیان نامێنێت”.