"پارەمان نییە"
شوێنەواری گەرمیان تا ئێستا پشکنینی بۆ ئەو دیوارە کۆنە نەکردووە کە گومان دەکرێت شوێنەوار بێت
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
زیاتر لە چوار مانگ پێش ئێستا، لەکاتی کارکردن لە یەکێک لە پرۆژەکەنی نیشتەجێبوون لە دەروازەی قەزای کەلار، دیوارێکی کۆن دەرکەوت و گومان دەکرا شوێنەوار بێت، بەڵام تا ئێستا شوێنەواری گەرمیان پشکنینی بۆ دیوارەکە نەکردووە.
ساڵح محەمەد سەمین، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری گەرمیان بە 964ى وت،”راستە تا ئێستا نەمانتوانیوە پشکنین بۆ دیوارەکە بکەین، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە شوێنەوارە یان نا، بەڵام کارکردنمان لەو بەشەی پرۆژەکە راگرتوە و پارێزراوە”.
“بایکۆت و نەبوونی بودجە و سەرقاڵبوونمان بە پرۆژەی دیکە، ھۆکاربووە بۆ ئەوەی نەتوانین تا ئێستا کاری کنە و پشکنین بۆ دیوارە کۆنەکە بکەین، بەڵام تا سەرەتای مانگی داھاتوو دەستبەکارکردن دەکەین”، ساڵح سەمین وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، ھیچ بودجەیەکمان لەبەردەست نییە بۆ کارکردن، لە چەند رۆژی داھاتوودا قسە لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە دەکەین کە پرۆژەی نیشتەجێبوونەکە دروست دەکات، بۆ ئەوەی پارەی تێچوی کنە و پشکنینەکە لەئەستۆ بگرن، یان ئەو بەشەی پروژەکە بەجێبھێڵن و کاری تێدا نەکەن.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا