کۆبوونەوەی تەندروستیی هەڵەبجە و کۆلێژی وەرزش. فۆتۆ: تەندروستیی هەڵەبجە
بۆ تەندروستیی خۆیانە
بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی بێبەرامبەر مەلەوانی دەکەن
964+
ژووری هەواڵ
کۆلێژی وەرزش لە هەڵەبجە بێبەرامبەر راهێنەری مەلەوانی بۆ بەرکەوتووانی چەکی کیمیاوی دابین دەکات، تەندروستیی شارەکەش دەڵێت، ئەو وەرزشە سوود بە نەخۆشەکان دەگەیەنێت.
بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەڵەبجە رایگەیاند، لەگەڵ کۆلێژی وەرزشی شارەکە رێککەوتوون، مانگانە ژمارەیەک بەرکەوتووی چەکی کیمیاوی دیاریی بکەن بۆ ئەنجامدانی راهێنانی وەرزشی و مەلەوانی، بۆ ئەو مەبەستەش ژمارەیەک راهێنەر دەستنیشان دەکرێن.
ئەمڕۆ یەکشەممە 24.8.2025، د. ئازاد مستەفا، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، راهێنانەکان بێبەرامبەر پێشکەش دەکرێن و بڕیارەکە تازەیە، بۆیە تا ئێستا هیچ نەخۆشێکیان دەسنیشان نەکردووە بۆ راهێنان.
“[مەلەوانی و وەرزش] لە بەرژەوەندی نەخۆشاندایە، بەتایبەت لە بوارەكانی ئێسك و بەهێزكردنی ماسولكەكان”، راهێنانەکان بە هاوبەشی لە ژێر رێنمایی پزیشكان و راهێنەرانی زانكۆدا ئەنجامدەدرێن، تەندروستیی هەڵەبجە وا دەڵێت.
بە پێی زانیارییەکانی تەندروستیی هەڵەبجە، تا ئێستا ژمارەی دیاریکراوی بەرکەوتوان دیار نییە، چونکە بەردەوام داواکاری هەیە و ئێستا لە هەڵەبجە زیاتر لە دوو هەزار، لە سلێمانی 500 و لە هەولێر سێ هەزار داواکاری هەیە کە دەڵێن بەرکەوتەی چەکی کیمیایین.