رێگای 15 گوند كراوەتەوە

نزیکەی 45 کەسی خەڵکی گوهەرزێ لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیر کران

964+

ژووری هەواڵ

نزیکەی 45 کەسی دانیشتوانی گوندی گوهەرزێ ویستوویانە سەردانی گوندە کۆنەکەی خۆیان بکەن، بەڵام لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیر کراون، موختاری گوندەکەش دەڵێت، دوای دوو کاتژمێر ئازاد کراون .

ئەمڕۆ شەممە 23.8.2025، لە نزیک کاتژمێر 9:00 بەیانی ژمارەیەک لە دانیشتووانی گوندی گوهەرزی ویستوویانە سەردانی گوندە کۆنەکەی خۆیان بکەن و لەلایەن سوپای تورکیاوە دەستگیر کراون، چونکە ماوەی مانگێکە دەنگی تەقە و بۆردومان لە گوندەکانی سنووری قەزای ئامێدی نابیسترێت، رەوشی شاخ و باخەکان ئارامە و دانیشتووانی گوندەکان داوا دەکەن رێگە بکرێتەوە بۆ گوندە چۆڵکراوەکان و بڕۆنەوە سەر باخ و ماڵەکانی خۆیان.

ئەحمەد سەعدوڵا، موختاری گوندی گوهەرزی بە 964ـی وت، “دوای پرۆسەی ئاشتی و ئارامی ناوچەکەمان، لەگەڵ نزیکەی 45 گوندشینان ویستمان سەردانی گوندە کۆنەکەی خۆمان بکەین، بەڵام کاتێک گەیشتینە ناو گوندەکە، ژمارەیەک سەربازی تورک هاتن و ئێمەیان پێکەوە لە شوێنێکدا دەستگیر کرد، دوای دوو کاتژمێر و چەندین هەوڵ و پەیوەندی، کەمێک لەمەوبەر ئازاد کراوین و ئێستا بەرێگاوەین دەڕۆینەوە گوندەکەی خۆمان.

بە قسەی موختار، سەربازانی تورك پێیان وتوون ئەوە شوێنی لەشکری ئەوانە و نابێتە سەردانی لێرە بکەن، هەر کاتێک ئەوان پێیان بڵێن وەرن سەردان بکەن، ئەو کات دەتوانن بێن.

گوندی گوهەرزێ دەکەوێتە ناحیەی دێرەلوک لەسنووری قەزای ئامێدی .

لە لایەكی دیكە، دوێنی رۆژی هەینی 2025.8.22، بە شێوەیەکی فەرمی لە کاتژمێر 6:00ی بەیانی تا 5:00ی ئێوارە رێگای 15 گوندی دەڤەری بەرگارەی کرایەوە، سەرچاوەیەکی فەرمییش بە 964ـی وت، ماوە ماوە رێگەی گوندەکانی دەڤەری بەرگارەی دەکرێتەوە و داوا لە دانیشتوانی گوندەکانی دەڤەری بەرگارەی دەکەین ئاگاداری خۆیان بن و نزیک شوێنە مەترسیدارەکان نەبنەوە، بۆ ئەوەی گیانی پارێزراو بێت و لە کاتژمێر 5:00ی ئێوارەی ئەمڕۆ بگەڕێنەوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا