دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیدا:

“ئۆپەراسیۆنەکە بە فەرمانی دادگا بووە و سێ کارمەندی ئەمنی شەهیدبوون و 19ـی دیکە برینداربوون”

964+

ژێوار خدر

دوای رووداوەکەی شەوی رابردووی لالەزار، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیانی ئەمڕۆی شاری سلێمانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دوای رووبەڕوونەوەیەکی چەکداری کە زیاتر لە سێ کاتژمێری خایاند، هێزەکانیان توانیویانە ئوتێل لالەزار لە گەڕەکی سەرچنار کۆنترۆڵ بکەن و سەرجەم ئەو چەکدارانە دەستگیربکەن کە رووبەڕوویان بوونەتەوە.

دەشڵێت، ئۆپەراسیۆنەکە دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بووە لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی ئاسایشەوە بۆ “داواکراو لاهور جەنگی بورهان و ژمارەیەک داواکراوی دیکە” بە ماددەی 406ـی کوشتن.

روونیشیکردەوە، “سەرەڕای هەوڵی زۆر بۆ خۆڕادەستکردنیان لە رێگەی تەلەفۆن و بڵندگۆوە، بەڵام ئەوان رایانگەیاند میلیشیای چەکداریان هەیە و دەستیان بە تەقەکردن لە هێزەکانمان کرد”.

“بەداخەوە لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەکاندا، سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان شەهیدبوون و 19ـی دیکەش برینداربوون.” دەزگای ئاسایشی هەرێم وادەڵێت.

دڵنیاییش دەدات، کە دۆخی سلێمانی ئارامە و هاتوچۆ ئاسایی بووەتەوە و جەخت دەکاتەوە، “ئارامیی سلێمانی هێڵی سوورە و تەواوی تۆمەتبارانی لالەزار بەپێی یاسا دەستگیرکراون و رووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە”.

دەزگای ئاسایشی هەرێم کوشتنی سێ چەکداری داعشی راگەیاند

دەزگای ئاسایشی هەرێم کوشتنی سێ چەکداری داعشی راگەیاند