شەڕ و ئاڵۆزییەكانی شەوی رابردوو كۆتاییان هات
دۆخەكە ئاسایی بووەتەوە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
دۆخی سلێمانی بە تەواوی ئارام بووەتەوە و ئیتر دەنگی تەقە نابیسترێت و هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و هاوڵاتییان لەسەر شەقامەکانی شار ئاساییە.
لە دوێنێوە شاری سلێمانی بە دۆخێکی نائاساییدا تێدەپەڕێت، لە دەورووبەری کاتژمێر 6:00ـی ئێوارە بازگەکانی دەرەوەی سلێمانی قەرەباڵغییەکی نائاساییان بەخۆوە بینی، هەتا چوار کاتژمێر دوای ئەوەش قەرەباڵغییەکە نەڕەوییەوە. شەڕ و ئاڵۆزییەكە دوای دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن لەلایەن دادگای سلێمانیەوە كە بۆ هەرسێ كەسی دیاری بەرەی گەل ، لاهور شێخ جەنگی، پۆڵاد شێخ جەنگی و فەرماندەی هێزی دوپشك رێبوار حامی حاجی خالی دەرچوو، دەستی پێكرد و هێزەكانی لالەزار خۆرادەستكردنیان رەتكردەوە و رووبەڕووبونەوەیان هەڵبژارد.
دوای رووبەڕووبونەوە قورسەكەی شەوی رابردوو، كە نزیكەی چوار كاتژمێری خایاند، لەئێستادا دەنگی تەق و تۆق لەسلێمانی نەماوە و دۆخەكە ئاسایی بووەتەوە، هاوڵاتیان لەسەر شەقامەكانن وەكو رۆژانی ئاسایی هاتوونەتە دەرەوە.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر