دوای نزیکەی حەوت ساڵ لە دەرچوونی یاساکە
خواردنەوە کحولیەکان لە عێراق قەدەغە کرا
964+
فەهمی نەبی
دوای نزیکەی حەوت ساڵ لە دەرچوونی یاساکە، رۆژنامەی وەقایعی عێراقی یاسای قەدەغەکردنی هێنان و فرۆشتن و بەرهەمهێنانی خواردنەوە کحولیەکانی بڵاوکردەوە.
یاسای ژمارە 14ی قەدەغەکردنی خواردنەوە کحولیەکان، لە 22.10.2016، لە دانیشتنی ژمارە 24-ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەئامادەبوونی 226 ئەندام دەنگی لەسەردراوە.
رۆژنامەی وەقایعی عێراقی، رۆژنامەیەکی فەرمییە و ئەو یاسایانەی لە پەرلەمانی عێراقی دەردەچن تا لەو رۆژنامەیە بڵاونەکرێتەوە ناچێتە بواری جێبەجێکردن.
ئەو یاسایەی خواردنەوە کحولیەکان قەدەغە دەکات، ناوی یاسای داهاتی شارەوانیەکانە، رۆژی چوارشەممە 22.2.2023 لە ژمارە 4703-ی رۆژنامەی وەقایعی عێراقی بڵاوکراوەتەوە.
مادەی 14ی یاسای داهاتی شارەوانییەکان لە دوو بڕگە پێکهاتووە، بەپێی بڕگەی یەکەمی یاساکە، “هۆشداری دەدرێت لە هێنان و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی خورادنەوە کحولیەکان بە هەموو جۆرەکانیەوە”.
لە بڕگەی دووەمی یاساکە جۆری سزاکە دیاریکراوە، ئەوە هاتووە هەر کەسێک پێچەوانەی بڕگەی یەکەمی ئەو سزایە بجوڵێتەوە سزا دەدرێت بە بڕێک پارە کە لە 10 ملیۆن دینار کەمتر نەبێت و لە 25 ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
یاساکە دوای نزیکەی حەوت ساڵ بڵاوکراوەتەوە بەپێی یاساکە بێت، لە رۆژی چوارشەممەوە ئەو بڕیارە دەچێتە بواری جێبەجێکردن.
رێکخراوی تەندروستی جیهانی، لەئاماری ساڵی 2022 بڵاویکردوەتەوە، عێراق لە پلەی 12ی وڵاتانی عەرەبیە لە بەکارهێنانی خواردنەوە کحولیەکان.