دیمەنێکی کەمپی ئاوارەکانی کەپەرتوو لە پارێزگای دهۆک - وێنە: 964
بۆی کۆبوونەوە
لەناو کەمپەکان پڕوپاگەندەی هەڵبژادن قەدەغە کرا
964+
ئەحمەد مستەفا
“کامپەکان بۆ مەبەستی هەڵبژاردن بەکارنەهێنرێت، چونکە ئەو کارە قەدەغەیە، ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە فشار یان پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن”، ئەمە بڕیاری لیژنەی فریاگوزاری و پاڵپشتی ئاوارەکانە و کۆچ و کۆچبەرانیش لەگەڵیانە.
پێشتر لە تەواوی عێراق، بەهۆی ئاڵۆزییە ناوخۆییەکان 48 کامپ کرابوونەوە، دواتر 28 کەمپیان داخران، ئێستا لەو رێژەیەش کەمترە و لە هەولێر و دهۆک نزیکەی سێ هەزار خێزان ماونەتەوە.
لەراگەیاندراوەکەیاندا لیژنەکە دەڵێت، لە میانی کۆبوونەوەکەیاندا لە بارەگای وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، چەند بڕیارێکی گرنگیان داوە، دیارترینیان ئاڕاستەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان كراوە، سەبارەت بە ڕێگریکردن لە بەکارهێنانى کامپى ئاوارەکان لەلایەن کاندیدەکانەوە بۆ مەبەستی هەڵبژاردن.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی پاراستنی سەربەخۆیی کامپەکاندا دێت، بۆ رێگریکردن لەوەی بکرێنە ئامرازێک بۆ فشار یان پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، هەروەها بۆ دڵنیابوون لەوەی کامپەکان لە چوارچێوەی تەواوی خۆیاندا دەمێننەوە، ئەوەش بە گوێرەی راگەیەندراوەکە.