تەمەنی 44 ساڵە و خێزاندارە
حاجیاوا؛ لە رووداوێکی هاتوچۆ شۆفێری ماتۆڕسکیلێک گیانی لەدەستدا
+964
محەمەد عەلی ـ راپەڕین
لەسەر شەقامی گشتی حاجیاوا بۆ سەروچاوە، ئۆتۆمبێلێکی بارهەڵگر و ماتۆڕسکیلێک پێکیاندا دا و لە ئەنجامدا شوفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانی لەدەستدا
عەلی عەبدوڵا، وتەبێژی هاتوچۆی راپەڕین بە 964ـی وت، ئەمشەو رووداوێکی هاتووچۆ لە جۆری پێکدادان لەسەر شەقامی گشتی حاجیاوا بۆ سەروچاوە روویدا، بەهۆیەوە شوفێری ماتۆڕسکیلەکە گیانی لەدەستداوە و تەرمەکەی بۆ توێکاری رەوانەی پزیشکی دادی رانیە کراوە.
لەلایەکی دیکەوە، هەژار عومەر، لێپرسراوی فریاکەوتنی رانیە، بۆ 964 وتی، “تەرمی هاوڵاتییەکە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەمان و دوای تەواوبوونی رێکارەکانی توێکاری، رادەستی کەسوکارەکەی دەکرێتەوە.”
محەمەد ئەحمەد، کەسوکاری ئەوکەسەیە کە گیانی لەدەستداوە، بە 964ـی وت، ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە تەمەنی 44 ساڵە، خێزاندارە و دانیشتووی ناحیەی حاجیاوایە.
لەکاتی گەڕانەوەی لەسەر کارەکەی بە ماتۆڕسکیلەکەی تووشی ڕووداوەکە بووە و بڕیارە هەر ئەمشەو لە حاجیاوا بەخاک بسپێردرێت.”
پێداچوونەوە: مستەفا نەهرۆ