رۆژى لەدایکبوونییەتى

فەرهاد پیرباڵ: خودا پێش هەمووان پیرۆزبایى لێکردم

964+

دەشتى عارف

لە رۆژى لەدایکبوونیدا، فەرهاد پیرباڵ نوسەر و رۆمانووس و مامۆستاى زانکۆ بە 964ـى وت،”خودا یەکەم کەس بوو پیرۆزبایى لێکردم”، دەشڵێت: نەسیحەتى من ئەوەیە،”چوارچێوەیەک ئەزیەتى دایت بیشکێنە و وەرە دەرەوە”.

ئەمڕۆ نووسەرو شاعیرو فەیلەسووف و نیگارکێشێکی دیاری کورد فەرهاد پیرباڵە و تەمەنی دەبێتە بە 64 ساڵ، لە 20ی ئابی 1961 لە هەولێر لەدایکبووە.

بۆ یادى لەدایکبوونى، لە کتێبخانەکەى خۆى لە پارکى شانەدەر مۆمیان داگیرساند و پیرۆزباییان لێکرد، پەیامنێرى 964 چووە لاى پیرباڵ و لێى پرسى کێ یەکەم کەس پیرۆزبایى لێکردیت.، فەرهاد دواى ئەوەى رووەو ئاسمان سەرى بەرزکردەوە وتى،”خودا”.

دواى تێپەڕاندنى 64 ساڵى تەمەن، نەسیحەتت چییە بۆ من؟، ئەمە پرسیارێکى ترى پەیامنێرى 964 بوو، ئەویش لە وڵامدا وتى،”دەڵێم تا ئەو رادەیە بژى کە بزانى بۆ لەدایکبووى، بتوانى پرسیار بکەى، ئەوەى ئەو چوارچێوەیە بشکێنى کە ئەزیەتت دەدات”.

فەرهاد پیرباڵ لەقسەو باسەکانیدا لەگەڵ پەیامنێرى 964، باس لە بەرهەمى “قەبرێکى سێگۆشە” دەکات کە لە زیندان نوسیویەتى و دەڵێت، “رۆمانى دڵخوازى منە و لە زیندان نوسیم، ترسم هەبوو لە بێمە دەرەوە بمکوژن”.

فەرهاد پیرباڵ، ساڵی 1984 خوێندنی زانکۆی تەواو کردووە، 10 ساڵ دواتر لە زانکۆی سۆربۆن لە فەرەنسا بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە، ساڵی 1994 بووەتە مامۆستا لە زانکۆی سەڵاحەدین.

پیرباڵ واناسراوە رەخنەگرو کەسایەتییەکی جێ مشتومڕە، بەڵام لەپاڵ هەموو ئەو بەهرەیەدا دەنگێکی خۆشی هەیە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

"ئەگەر گۆڕانکارى روونەدات فەرهاد پیرباڵ نەبم"