زیاتر لە نیو سەدەیە کار دەکات
کارگەی مافوری دەستکردی کۆیە مەترسی داخستنی لەسەرە
964+
دەریا ئەحمەد – کۆیە
کارگەی مافوری دەستکردی کۆیە لە ساڵی 1971ـەوە بە دەست و بازووی خانمان دەستی بەکار کردووە، تا ئەمڕۆش بەردەوامە، بەڵام کارگەکە کە سەردەمانێک 200 فەرمانبەری هەبوو، ئێستا کەمتر لە 30 فەرمانبەری هەیە و ئەگەر فەرمانبەری تریان بۆ دانەمەزرێت، ترسی داخستنی هەیە.
کاوە عوسمان بەڕێوەبەری کارگەی مافوری دەستکردی کۆیە بە 964ـی وت، “کارەکانی ئەم کارگەیە بە دەستی خانمان بەڕێوەدەچێت و چەندین جۆر قیاسی گەورە و بچوک و نەخش و نیگاری جیاواز دروست دەکەین، تەنانەت فەڕشی گەورەش دروست دەکەین، ئێستا نوێگەریمان کردووە و وێنەی کەسایەتی و شوێنە مێژوویەکانی کۆیە لە کارەکانماندا دەنەخشێنین، بەڵام کاتێکی زۆری پێویستە”.
وتیشی، لە ساڵی 2013ـەوە هیچ دامەزراندن و گرێبەستێکیان بۆ نەکراوە و ساڵانەش بە بەردەوام فەرمانبەرەکانیان خانەنشین دەبن، ئەگەر کەسی تازەیان بۆ دانەمەزرێ، ترسیان هەیە لە داهاتوودا کارگەکە بەیەکجاری دابخرێت.
کارگەی مافوری دەستکردی کۆیە سەر بە وەزارەتی رۆشنبیریە و کارگەکە دەتوانێت بەرهەمەکانی لە کۆیەش بفرۆشێت، بەڵام چونکە بنکەیەکە و سەر بە کارگەی مافوری دەستکردی هەولێرە، ئەوان نرخ دیاریدەکەن و داهاتەکەشی دەچێتەوە بۆ ئەوێ و نرخەکەشی بەراورد بەو مافورانەی بە مەکینە درووست دەکرێن گرانترە.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری