كەركوك
شتی ماڵانیش بۆدەرچونی تێكەوت
لە كەركوك دوو گەنج فەردەیەك برنج لە ماڵێك دەكڕن و 28 ملیۆن دیناريان بۆ دەردەچێت
964+
محەمەد فاتیح
دوو گەنج لە شاری كەركوك، كە كاری كرێكاری و بازاڕی دەكەن، فەردەیەك برنجیان لە ماڵێك كڕیوە و پارەیەكی زۆریان لەناویدا دۆزیوەتەوە و پاشان پارەكەیان گەڕاندووەتەوە، پارێزگاری كەركوكیش بۆ بەرزڕاگرتنی كاری مرۆیی بانگهێشتیكردن و خەڵاتی كردن.
لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا رێبوار تاها، پارێزگاری كەركوك، كە هەردوو گەنجەكە و خاوەن ماڵەكە بە تەنیشتێوە وەستاون، بەسەرهاتەكە دەگێڕێتەوە و دەڵێت، ئەم دوو گەنجه كەلوپەلیان لە ماڵان كڕیوە و لە یەكێك لە ماڵەكان فەردەیەك برنجیان كڕیوە و دواتر بڕی 28 ملیۆن دیناریان لەناو فەردە برنجەكەدا دۆزیوەتەوە و یەكسەر گەڕاندوویانەتەوە بۆ ماڵەكە.
“ئێمە وەك ئیدارەی كەركوك هەڵوێستەكەیان بەرز دەنرخێنین و سوپاسیان دەكەین، ئەمە ئەخلاقێكی جوانی كەركوكیانەیە لەلایەن ئەم دوو گەنجەوە، هەرچەندە خۆیان كرێكاری دەكەن، بەڵام كاتێك ئەو بڕە پارە زۆرە كەوتووەتە ژێر دەستیان گەڕاندوویانەتەوە بۆ ماڵەكە، سوپاسی خۆیان و خانەوادەكەشیان دەكەین و بڕوانامەیان پێ دەبەخشین و خەڵاتیان دەكەین”.