بۆ ماوەیەک رێگەشیان گرت
دەرچووان و خوێندکارانی کۆلیژەکانی خانەقین گردبوونەوە و چادریان ھەڵداوە
میلاد جەلال – گەرمیان
دەرچووان و خوێندکارانی کۆلیژی زمان و زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی گەرمیان کە بیناکەی لە خانەقینە، گردبوونەوە و ماوەیەک شەقامی سەرەکیی کەلار – خانەقینیان داخست، دواتریش چادریان ھەڵدا لەبەردەم بینای کۆلیژەکە، ئەوان دەڵێن ناڕۆن هەتا كێشەكەیان چارەسەر نەكرێت و دان بە زانكۆكەیاندا نەنرێت.
گردبوونەوەی خوێندكارەكان ئەمڕۆ سێشەممە 19.8.2025 دەستیپێكرد و داواکاری دەرچووانی کۆلیژەکە و خوێندکاران ئەوەیە، دان بە زانکۆی گەرمیان بنرێت یان چارەسەرێکیان بۆ بکرێت، چونکە بە قسەی خۆیان “لە دامەزراندنەکانی عێراق بێبەشن”.
راژان باجەڵان، یەکێکە لە خوێندکارە دەرچووەکانی کۆلیژەکەی خانەقین بە 964ى وت، “داواکاری ئێمە ئەوەیە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق دان بنرێت بە زانکۆی گەرمیان، بە تایبەت کۆلیژەکانی خانەقین”.
“بووینەتە قوربانی نێوان حکومەتی عێراق و ھەرێم، دامەزراندنمان بۆ دێت بەڵام بەھۆی ئەوەی زانکۆکەمان دانپێدانراو نییە، مافەکەمان دەفەوتێت”، راژان باجەڵان وای وت.
زوحا جاسم، یەکێکی دیکەیە لەو دەرچووانە بە 964ى وت، “ھاتووین داوای مافی خۆمان بکەین و ھەقی خۆمانە دابمەزرێین، ھاوڕێکانمان لە زانکۆکانی دیکەی کوردستان تەواویان کردووە و دامەزراون، بەڵام ئێمە لە زانکۆی گەرمیانین ئەو مافەمان لێدەسێننەوە”.
عەلی محەمەد، دەرچوویەكی دیكەی زانکۆی گەرمیانە، بە 964ى وت، “نزیکەی 17 ھەزار دەرچووی زانکۆی گەرمیان ھەن، ھەمووی لە ماڵەوەن و ناتوانین دابمەزرێین”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا