دوکەڵەکەی نزیک شەقامی 120هەولێر. وێنە :964
دانەیەکیان گەڕۆکە
پێنج ئامێرى پێوانەیى کەشوهەوا لە هەولێر دادەندرێن
964+
وریا فەتاح
وابڕیارە بۆ ھەڵسەنگاندنى كەشوھەوا و چارەسەركردنی كێشە ژینگەییەكان، پێنج ئامێری پێوانەیی كەشوھەوا لە ھەولێر دابنرێت، ژینگەى هەولێریش دەڵێت: لەرێگەى ئەو ئامێرانەوە جۆر و ئاستى ئەو پیسییە دیارى دەکرێن کە لەسەر ژینگەى هەولێر دروست دەبێت.
دڵشاد حوسێن هیرانى، بەڕێوەبەرى فەرمانگەى ژینگەى هەولێر بە 964ـى وت،” ئەو ئامێرانە زۆر گرنگن بۆ پێوانەی کەشوهەوا و چارەسەرکردنى گرفتەكانی پیسبوونی ژینگە لە ھەر شارێك، چونکە لە رێگەیانەوە جۆر و ئاستى گرفتە ژینگەییەکان دیارى دەکرێن و دواتر چارەسەریان بۆ دەدۆزرێتەوە”.
وەک باسى دەکات، چوار لە ئامێرەکان جێگیر دەکرێن و یەکیان گەڕۆکە و پێیان دەوترێت وێستگەى پێوانەى هەوا، هەندێ ئیشى هونەرى ماوە و زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار دۆلارى تێدەچێت.
“جۆرى غازەکان دیارى دەکەن و لە رێگەى ئەو ئەنجامانەوە کە ئامێرەکان دەماندەنێ بەدواى چارەسەردا دەگەڕێین، چونکە جۆرى غازەکە و شوێنەکەمان بۆ دیارى دەکەن”، دڵشاد هیرانى واى وت.
پارێزگاى هەولێریش لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، بەهۆى گرتنەبەرى رێکارى پێویست لەوانە، داخستنى لە 60%ـى پاڵاوگە نایاساییەكان و گەیشتنى پڕۆژەی رووناكی بە تەواوى سەنتەرى شار و وەستاندنى یەک ھەزار و 500 موەلیدە لە گەڕەکەکان، وایكردووە لە ئێستادا تاڕادەیەکى زۆرباش ژینگەی شارى ھەولێر پاك ببێتەوە.