"گفتوگۆ تاکە چارەسەرە"
دوای هەوڵەکانی ترەمپ، چین هەڵوێستی خۆی ئاشکرا کرد
+964
باری ساڵح
دوای هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ بۆ رێکخستنی لوتکەیەکی ئاشتی، چین هاتە سەر خەت و پشتیوانیی خۆی بۆ گفتوگۆی نێوان روسیا و ئۆکرانیا راگەیاند، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چینیش دەڵێت، “گفتوگۆ تاکە چارەسەرە”
دوێنێ دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکی چارەنووسسازدا لە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ و ڤلۆدۆمیر زێلێنسکی رایانگەیاند، هیوادارن گفتوگۆکانیان ببێتە هۆی ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵی لەگەڵ ڤلادیمیر پوتینی سەرۆکی روسیا لە پێناو کۆتاییهێنان بە جەنگ.
ترەمپ پشتڕاستی کردەوە، دوای کۆبوونەوەکە پەیوەندیی بە پوتینەوە کردووە بۆ رێکخستنی دیدارێکی راستەوخۆ لە نێوان سەرۆکی روسیا و ئۆکرانیا.
وتیشی، “دوای ئەوەی ئەو کۆبوونەوەیەش دەکرێت، کۆبوونەوەیەکی سێقۆڵیمان دەبێت.”
پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین دەبنە هۆی ئاشتی
ماو نینگ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “چین هەمیشە باوەڕی وایە گفتوگۆ و دانوستان تاکە چارەسەرە بۆ قەیرانی ئۆکرانیا”، وتیشی، “ئێمە پشتیوانی لە هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە دەبنە هۆی ئاشتی.”
ئەم هەڵوێستەی چین لە کاتێکدایە جیهان چاوەڕێی دەرەنجامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگە درێژخایەنەی نێوان روسیا و ئۆکرانیا، کە لە بەرەبەیانی 24.2.2022 دەستیپێكردووە و تا ئێستاش بەردەوامە.