بڕیارەكە لە سبەیەوە جێبەجێ دەكرێت
دەرگای خاوەندارێتی ماڵ و زەوی بۆ كەركوكییەكان كرایەوە
964+
محەمەد فاتیح
دوای كۆبوونەوەیەك لەسەر پرۆسەی پێدانی خاوەندارێتی ماڵەکان به هاوڵاتیيانی پارێزگای کەرکوک، بڕیاردرا لە سێشەممەوه 19.8.2025، لە کەرتەکانی شارەوانی دەست بكرێت بە كردنەوەی داواكاری بۆ خاوەندارێتی ماڵ.
ئەندازیار ئەحمەد عومەر محەمەد، بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکوک، لە پەیجی پارێزگای كەركوك بڵاوی كردەوە، ئەم هەنگاوە دەرفەتێکی باشه، بۆ ئەو هاوڵاتیيانەی کە پێشتر نەیانتوانیبوو داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن و نرخی موڵکەکەش بەپێی نرخی راستەقینەی بازاڕ حیسابی بۆ کراوە، لەگەڵ پێشەکی 10% و ئەوەی دەمێنێتەوە بە قیست لە ماوەی 20 ساڵدا خەرج بکرێت، لە هەمان کاتدا دەتوانرێت پارەی موڵکەکە بدرێت به هەڵوەشاندنەوەی مەرجی سودمەندنەبوون لێی.
دڵنیاییشیدا، کە پرۆسەکە بە شەفافیەتێکی تەواو و بەگوێرەی چوارچێوە و رێسای یاسایی کارپێکراو بەڕێوەدەچێت.
مەرجەکانی ئەو زەوییانەی کە بڕیارەکە دەیگرێتەوە، بەم شێوەیە خستیانەڕوو:
-دەبێت زەوییەکە لە سنووری شارەوانیدا بێت، چ لە قەزای کەرکوک بێت یان قەزا و ناحیەکانی تر.
-زەوییەکە پۆلێن بکرێت بە کشتوکاڵی یان خاوەندارێتی وەزارەتی دارایی.
-ئەو ماڵانەی دروست دەکرێن دەبێت لە شێوەی کۆمەڵ بن نەک بە تاک.