15 رۆژ مۆڵەتیان پێدراوە
لە کەرکوک .. بۆ خاتری مەزرەعەی دادوەرێک 30 خانووی کوردەکان تێکدەدرێن
964+
كاروان ساڵحی – كەركوك
بەرێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەكانی كەركوك دەیەوێت چەمی خاسە فراوان بکات و بۆ ئەمەش 15 رۆژ مۆڵەت دەداتە ژمارەیەک دانیشتووی گەڕەكی ئیسراو مەفقودین بۆ تێکدانی خانووەکانیان بێ ئەوەی قەرەبوویان بکاتەوە.
گەڕەکی ئیسراو مەفقودین، یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی کەرکوک و دوای رووخانی بەعس، ژمارەیەکی زۆر زەوی لەلایەن پارتی و یەکێتی دابەشی سەر ئەندامانیان کراوە و ئەوانیش کردوویانە بە خانوو.
بەپێی زانیارییەکانی 964، ئەو زەوییانە موڵکی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانە، ئەمەش وایکردووە ئەو خانووانە بە تەجاوز هەژمار بکرێن.
ژمارەی ئەو خانووانەی بەر رووخاندن دەکەون 30 خانووە و دانیشتووانەکەی کوردی کاکەیین، ئەوان دەڵێن دادوەرێکی خانەنشین مەزرەعەیەکی هەیە کە دەکەوێتە لایەکەی دیکەی چەمەکە، بۆ خاتری ئەو رێڕەوی فراوانکردنەکەی گۆڕدراوە.
چەمی خاسە، درێژییەکەی 30 کیلۆمەترە و بەناو شاری کەرکوک تێدەپەڕێت و ئاوی قورس و بارانی پێدا تێپەڕ دەبێت و شارەکە لە لافاو دەپارێزێت.
بەشی یاسایی بەرێوەبەرایەتی سەرچاوە ئاوییەكانی كەركوك، مۆڵەتی 15 رۆژی دیاریكردووە بۆ چۆڵكردنی خانووەكان و ئەوانیش ئامادەنین چۆڵی بكەن و داوای قەرەبوو دەكەنەوە.
هیدایەت نەجمەدین كاكەیی، یەکێکە لە دانیشتووانی گەڕەکەکە کە ئاگادارنامەی بۆ هاتووە بۆ چۆڵکردن بە 964ی وت، ماڵەكانمان چۆڵناكەین بەبێ قەرەبووكردنەوە مەگەر بیڕۆخێنن بەسەرماندا.
بەقسەی هاوڵاتیان چەمی خاسە دراوە بەدادوەرێكی خانەنشین، رێرەوەكەیان لەبەر خاتی ئەو گۆڕیوە و دەبێت 30 ماڵیش خانوەكەیان بروخێنن لەبەر ئەو پڕۆژەیە.
پڕۆژەی فراوانکردنەکە کیلۆمەترێک و 250 مەترە و دوو ملیار دیناری بۆ تەرخان و دەبێت لەماوەی 250 رۆژدا تەواو بکرێت.
زەكی كەریم، بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەكانی كەركوك بە 964ی راگەیاند: ساڵی 2014 و 2015 نزیكەی 10 كیلۆمەتر لە نۆژەنكردنەوەی رێڕەوی ئاوی خاسە كۆتايی هاتووە، بەڵام بە هۆی نەبوونی بودجە کارەکە وەستا، ئێستا جارێكی دیكە لە بودجەی ئاسایشی خۆراك دەستدەكرێتەوە بە كاركردن تێیدا.
“ئەو 30 خانووەی ئاستەنگیان درووستكردووە زیادەڕۆن و هیچ بەڵگەیەكی فەرمیان نییە بۆیە قەرەبوویان ناکەینەوە”.
پڕۆژەی چاكردنی رێڕەوی خاسە ئاوی باران لە شارەكە دەباتە دەرەوەی كەركوك و شارەكە لە مەترسی لافاو دەپارێزێت.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق