شه‌ش رۆژ بوو ئازاد كرابوو
هاوڵاتیه‌كی كورد به لێدانی 40 قامچی و زیندانیكردنى 13 مانگ و 16 رۆژ سزادرا
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
هاوڵاتییه‌كى كورد دواى شه‌ش رۆژ له ئازادكردنى، جارێكی دیكه له‌لایه‌ن ده‌زگاى دادوه‌رى ئێرانه‌وه، دوو سزاى جیاوازى له‌سه‌ر دوو تۆمه‌تى جیاواز به‌سه‌ردا سه‌پێندرا.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هه‌نگاو، ده‌ڵێت، كیانوش چراغی، ته‌مه‌ن 45 ساڵ، خه‌ڵكی شاری دێلوڕان له لایه‌ن لقی 101ـی دادگای تاوانه‌كانی دووی ئه‌و شاره به تۆمه‌تی “بڵاوكردنه‌وه‌ی ناڕاستییه‌كان له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان” ئه‌م سزایه‌ى به‌سه‌ردا سه‌پێندراوه.
سزاى دووه‌میشی تۆمه‌تی “بێڕێزیكردن به هێزه‌كان له كاتی ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانیان”بووه، كه سزای لێدانی 40 قامچییان به‌سه‌ردا سه‌پاندووه.
پێشتریش ئه‌و هاوڵاتییه له لایه‌ن دادگای شۆڕشی شاری دێلوڕان به تۆمه‌تی “كرده‌وه‌ی دژ به ئاسایشی نیشتمانی” سزای دوو ساڵ به‌ندكرانی به‌سه‌ردا سه‌پێندرابوو، كه دوای تێپه‌ڕكردنی 14 مانگ له ماوه‌ی سزاكه‌ی، رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو به راگرتنی سزاكه‌ی به شێوه‌ی هه‌ڵپه‌ساردن، له به‌ندیخانه‌ی ده‌ڕه‌شاری پارێزگای ئیلام ئازاد كرا.