منارەی چۆلی. فۆتۆ: پارێزگای هەولێر
هەولێر
منارەی چۆلی نۆژەن دەکرێتەوە و کامێرای چاودێری بۆ دادەنرێ
+964
ئەرسەلان عەبدوڵا
بڕیارە بەم نزیکانە دەست بە نۆژەنکردنەوەی منارەی چۆلی بکرێت، کە یەکێک لە شوێنەوارە دێرین و ناسراوەکانی هەولێری پایتەختى هەرێمى کوردستان.
راگەیاندنی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ یەكشەممە 17.8.2025 بڵاویكردەوە، تیمێکی شارەزای وڵاتی چیک لێکۆڵینەوەی وردیان لە بارەی منارەی چۆلییەوە کردووە و کەموکوڕییەکانیان دەستنیشان کردووە بۆ نۆژەنکردنەوە.
ئاماژەیان بەوەش كردووە، هەمان تیم 17 ساڵ لەمەوبەر کاری نۆژەنکردنەوەیان بۆ منارەکە ئەنجام دابوو.
“کاری نۆژەنکردنەوەکەش بریتیى دەبێت لە گۆڕینی شوورەی منارەکە، پڕکردنەوەی کەلێنەکان و چەندین گۆڕانکاری دیکە، هەروەها دانانی کامێرای چاودێری لە دەوروبەری منارەكە”، لە راگەیاندراوەكەی پارێزگای هەولێردا هاتووە، بەڵام كاتی دەستپێكردنی نۆژەنكردنەوەكە باس نەكراوە.
منارەی چۆلی، کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی فەرمانڕەوایی سوڵتان موزەفەرەدین کۆکبری (1190 – 1232زایینی) دەگەڕێتەوە، دەکەوێتە باشووری رۆژئاوای قەڵای هەولێر و یەکێکە لە سیمبولە دیارەکانی شارەکە، دوو دەرگا و دوو پلیکانەی جیاوازی هەیە بۆ سەرکەوتن، کە ئەمەش یەکێکە لە تایبەتمەندییە ناوازەکانی. بەرزییەکەی نزیکەی 37 مەترە، بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی زۆر دەوروبەری چۆڵەوانی بووە، بە “منارەی چۆلی” ناسراوە.