بەڕێوەچوونی دەنگدانی لە هەریمی کوردستان _ وێنە: ئەرشیفی 964
لەدایکبووی 2007
زۆرترینی ئەوانەی کە بۆ یەکەمجارە دەنگدەدەن لە هەولێرن
964+
ئەحمەد مستەفا
بەپێی نوێترین داتای کۆمسیۆن، ئەم هەڵبژاردنەی دێتەپێش بۆ خولی شەشەمی پەڕلەمانی عێراق، بەتەنیا لە هەرێمی کوردستان هەشت هەزار و 898 کەس بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن کە خۆیان لە بایۆمەتری تۆمارکردووە و لە دایکبووی ساڵی 2007.
لەو رێژەیە، هەولێر زۆرترینە کە سێ هەزار و 550 کەس بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن، دهۆک دوو هەزار و 716 کەس و سلێمانی دوو هەزار و 632 کەس.
ئەمڕۆ یەکشەممە 17.8.2025، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە 964ی وت، لەو ماوەیەی کە دەرفەت بۆ تۆماری یەکەمجار کراوەتەوە، لە رێگەی ناوەندەکانی کۆمسیۆنەوە، توانراوە تۆماری یەکەمجار بۆ 145 هەزار و 617 کەس بکرێ، کە زۆرترینیان لە هەولێر و سلێمانی و دواتر دهۆک بوون.
لە هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و 70 هەزار و 839 کەس کارتی بایۆمەتریان دەرکردووە و دەتوانن دەنگ بدەن، بەڵام 812 هەزار و 662 کەس کارتیان دەرنەهێناوە و بێبەش دەبن، بەوەش روون دەبێتەوە سەرجەمی ئەوانەی لەرووی تەمەنی یاسایی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان، سێ ملیۆن و 883 هەزار و 501 کەسن.
كورسییەكانی پەرلەمان پێكهاتوون لە 329 كورسی، كە 237 كورسیان بە كێبڕكێی ئاسایی هەڵبژاردن بەدەستدێت و هەروەها 83 كورسیان بۆ كۆتای ژنانە، كە هەر لە كێبڕكێی هەڵبژاردن كاندیدە ژنەكان دەیبەنەوە، هەروەها پێنج كورسی بۆ پێكهاتەی مەسیحی و یەك كورسی بۆ فەیلی و یەك كورسی بۆ ئێزدی و یەك كورسی بۆ شەبەك و یەك كورسی-ش بۆ سابیئە تەرخان كراوە.
وەك لە راپۆرتێکی پەرلەمانی عێراقدا دەردەكەوێت، 335 حزب كێبڕكێیانە بۆ بەدەستهێنانی 329 كورسی، بە كورسی كۆتای پێكهاتەكانیشەوە و بەوەش دەردەكەوێت، كە ژمارەی حزبەكان لە ژمارەی كورسیەكان زیاترە.
رۆژی 11.11.2025، وادەی هەڵبژاردنەکەیە، نزیکەی هەشت هەزار و 788 ناوەندی دەنگدان و چل هەزار و 819 وێستگەی دەنگدان لە سەرتاسەری عێراق دادەنرێن، بەگوێرەی ئامارەکان، نزیکەی 29 ملیۆن هاوڵاتیی لە عێراقدا مافی دەنگدانیان هەیە.