به تۆمهتى پڕوپاگهندهكردن دژى دهوڵهت
ئێران سزاى لهسێدارهدانى بۆ شەریفە محەمەدی بهتهواوى پهسهندكرد
964+
فهرهاد حهسهن
دادگای باڵای كۆمارى ئیسلامی ئێران سزای لەسێدارەدانی كچە زیندانییەكی كورد پەسەند كرد، كه تۆمهتهكهى پڕوپاگەندەكردنه له دژی دەوڵەت.
ماڵپهرى كۆڵبهر نیوز لە زاری پارێزەر ئەمیر رەئیسیان بڵاویكردهوه، سزای لە سێدارەدانی شەریفە محەمەدی لەلایەن دادگای باڵای ئێرانەوە بە تەواوی پەسەند كراوە.
دەشڵێت ” لە زیندانی لاكانی رەشت لە لایەن لقی 39ـی دادگای باڵای ئێران بە تەواوەتی پەسەند كراوە و دادگای باڵای ئێرانیش بە بێ سەرنجدان بە رەچاونەكردنی كەموكورتییەكان و بەڵگەكانی پێشوو، سزای لە سێدارەدانی شەریفە محەممەدی بە تەواوەتی پەسەند كردووە.
لە 5.12.2023 شەریفە محەمەدی تەمەن 45 ساڵی خەڵكی ورمێ و دانیشتووی شاری رەشت، لەلایەن كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی زانیاریی رەشت بە تۆمەتی “پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت” دەستگیر كرا.
شەریفە محەممەدی كە پێشتر لە لایەن لقی یەكەمی دادگای شۆڕشی رەشت، سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، دۆسیەكەی بۆ پێداچوونەوەی بۆ لقی 39ـی دادگای باڵای ئێران نێردرابوو. دیوانی باڵا لە پێداچوونەوەی خۆیدا، بە هۆی چەند كەموكورتییەك، وەك نەبوونی پەیوەندی ئەو بە چالاكی چەكدارییەوە و هەروەها نەبوونی بەڵگەی ئەندامێتی لە ڕێكخراوێكی دژبەردا سزا سەرەتاییەكەی هەڵوەشاندەوە، بەڵام لقی دووەمی دادگای شۆڕشی رەشت دوای پێداچوونەوەی دووبارەی دۆسیەكە، جارێكی دیكە سزای سێدارەدانی ئەم چالاكوانەی پشتراست كردەوە.
پێشتر لەلایەن دەزگای باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە 8.1.2025 و وریشە مورادی لە 10.11.2024 بە تەواوەتی پەسەند كراوە.