یەختێکی کۆچبەران لە کەنارە ئاوییەکانی تونس - وێنە: HRW
دەزگای لوتکە وا دەڵێ
“لە ئاوەکانی ئیتاڵیا هیچ کۆچبەرێکی کورد نوقم نەبووە”
964+
ئەحمەد مستەفا
دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران دەڵێ، دواى بەدواداچونێكى ورد دەرکەوت، ئەو نقوم بوون و بێسەروشوێن بووانەی بەلەم و یەختی کۆچبەران کە لەسنوورە ئاوییەکانی ئیتاڵیا تۆمار کراوە، دڵنیا بوونەتەوە، هیچ کوردێکی تێدا نەبووە.
لە چەند رۆژی رابردوو، ئەو کۆچبەرانەی لە دەریای ئیجە یان دەریای ناوەڕاست بەرەو یۆنان و ئیتاڵیا دەڕۆشت دووچاری نوقمبوونی بەلەم و تێکچوونی بزوێنەری یەختەکانیان ببونەوە.
وەک بڵێی لێشاوی کۆچبەری دەستی پێ کردووەتەوە، چوون بۆ دورگەکانی ئیتاڵیا و یۆنان زیاتر لەهەرکاتێکی تر، کۆچبەری لێ دەبینرێ، تەنیا لە شەو رۆژێکدا و لە پێنجشەممە بۆ هەینی رابردوو، 789 کەس لە دەریادا رزگارکراون، کە ویستوویانە لە دەریای ناوەڕاست و ئیچەوە گەشتەکەیان بەقاچاخ بکەن و مەترسییان لەسەر بووە.
پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا بە 964ی وت، کۆچبەرەکان ویستوویانە، لە تونس و لیبیاوە دەریا ناوەڕاست و لە تورکیاوە دەریای ئیجە، بەرەو دوورگە و سنوورە ئاوییەکانی ئیتاڵیا لە رێگەی یەختەوە ببڕن، هەندێکی دیکەیان ئامانجەکەیان دوورگەکانی یۆنان بووە.
کەشوهەوا تاڕادەیەک جێگیرە، بەڵام شەپۆلی دەریا ئامان و زەمانی نییە، پێشڕەو عەبدوڵا وتی، لەم مانگەدا و تا کۆتایی ئاب، کۆچبەرەکان هەوڵی تەواو دەدەن بۆ گەشتن بە سنووری جوگرافی یەکێتی ئەوروپا و پێشبینی باش ناکەم بۆ ئەو دۆخەی لەدەریادا تووشیان دەبێ.
کۆچبەرەکان هەمەجۆرەن، کورد، سوری، پاکسانی، ئەفغانی، ئەفریقی، بەنگلادیشی و سودانی، ئەو نوێنەرەی پەنابەران ئەوە بە شەپۆلێکی دیکەی کۆچکردن ناوبرد و نائارامی وڵاتەکانی وەک هۆکاری سەرەکی باس کرد.
ئەوە لەکاتێکدا، دەسەڵاتدارانی بەریتانیا رۆژی دووشەممە رایانگەیاند، کە ژمارەی ئەو کۆچبەرانەی لە هاوینی رابردووەوە بە بەلەمی بچووکەوە کەناڵی ئینگلیزییان بەزاندووە، 50 هەزار کۆچبەریان تێپەڕاندووە.
بەپێی ئامارەکانی بەردەستی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران، لە سەرەتای ئەمساڵەوە حەوت هەزار و 300 کۆچبەر گەیشتوونەتە کریت و گاڤدۆس لە یۆنان، لەکاتێکدا لە سەرجەم ساڵی 2024دا، چوار هەزار و 935 کۆچبەر گەیشتوونەتە سەر کریت و گاڤدۆس، تەنیا لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە تا ئێستا دوو هەزار و 550 حاڵەتی هاتنی گەشتیاران تۆمارکراوە.