ئەو خاکەى پێشتر هى روسیا بوو

 ئەلاسکا؛ گرنگى شوێن لە کۆبوونەوەکەى ترەمپ و پۆتین

964+

وریا فەتاح

بڕیارە ئەمڕۆ هەینی، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە ویلایەتی ئەلاسکا کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی شەڕی ئۆکرانیا، بەڵام ئەم کۆبوونەوەیە لە شوێنێکدا بەڕێوەدەچێت کە جێگەی تێڕامانێکی مێژوویی قووڵە.

ئەلاسکا، ئەو خاکەی کە ڕۆژێک لە ڕۆژان بەشێک بوو لە ئیمپراتۆریەتی رووسیا و لە ساڵی 1867 بە بڕی 7.2 ملیۆن دۆلار بە ئەمریکا فرۆشرا.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە ئەگەری هەیە “سازان لەسەر خاک” بەشێک بێت لە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیادا.

گەڕانەوە بۆ مێژوو

جەنگى سێ ساڵەى کریما (1853-1856)،پاڵنەری سەرەکی رووسیا بۆ فرۆشتنی ئەلاسکا، چونکە لەو جەنگەدا رووسیا شکستی هێنا و زیانێکی زۆری بەرکەوت، ئەمە وای لە ئیمپراتۆریەتی رووسیا کرد کە هەست بکات ئەلاسکا، دوورە و بەرگری لێکردنی ئەستەمە، لەوانەیە بە ئاسانی بکەوێتە دەستی دوژمنەکانی، بەتایبەتی بەریتانیا.

لە هەمان کاتدا، ئیمپراتۆریەتی رووسیا پێویستی بە پارە هەبوو بۆ چاکسازی و نوێکردنەوەی سوپاکەی، بۆیە فرۆشتنی ئەلاسکا وەک دەرفەتێک دەبینرا بۆ بەدەستهێنانی داهاتێکی خێرا و لەهەمان کاتدا خۆ رزگارکردن لە خاکێک کە بەڕێوەبردنی تێچووی زۆر بوو و قازانجێکی ئەوتۆی نەبوو بۆیان.

بۆچى ئەلاسکا؟

هەڵبژاردنی ویلایەتی ئەلاسکا بۆ ئەم کۆبوونەوەیە مانایەکی هێمایی قووڵی هەیە، ئەلاسکا، کە لە رووی مێژووییەوە لە ساڵی 1867 ئەمریکا بە بڕی 7.2 ملیۆن دۆلار لە ئیمپراتۆریەتیی رووسیای کڕی، وەک پردێکی جوگرافی و مێژوویی نێوان هەردوو زلهێزەکە سەیر دەکرێت.،ئەم ویلایەتە تەنها لە رێگەی گەرووی بێرینگەوە لە رووسیا جیا دەبێتەوە، کە پانییەکەی لە 90 کیلۆمەتر کەمترە.

ئەم نزیکییە جوگرافییە وایکردووە ئەلاسکا ببێتە “هێڵی بەرکەوتنی” راستەوخۆی نێوان واشنتن و مۆسکۆ، ئەمەش هێمایەکی سیاسیی روون دەبەخشێتە هەر کۆبوونەوەیەک کە تێیدا ئەنجام بدرێت.

لە ناوەڕاستی گەرووەکەدا دوو دوورگەی “لیتل دایۆمید”ـی ئەمریکی و “بیگ دایۆمید”ـی ڕووسی هەن کە تەنها 3.8 کیلۆمەتر لە یەکەوە دوورن، ئەمەش وێنەیەکی بەرجەستەی نزیکیی نێوان دوو وڵاتەکە پیشان دەدات.

کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لە ئەلاسکا نەک تەنها بۆ داهاتووی ئۆکرانیا گرنگە، بەڵکو یادخەرەوەی ئەو ڕابردووەشە کە تێیدا زلهێزەکان لەسەر چارەنووسی خاک و گەلان بڕیار دەدەن، هەروەک چۆن 158 ساڵ لەمەوبەر چارەنووسی ئەلاسکا بڕیاری لێدرا.

هەوڵێک بەرەو خەڵاتى نۆبڵ؛ کۆبوونەوەى ترەمپ و پۆتین وەڵ...

هەوڵێک بەرەو خەڵاتى نۆبڵ؛ کۆبوونەوەى ترەمپ و پۆتین وەڵامدەرەوە دەبێت