راوێژکارێکی باڵا لە واشنتۆن بووە

“مانگی داهاتوو ئەمریکا لە عەین ئەسەد دەست بەکشانەوە دەکات”

964+
ئەحمەد مستەفا

رۆژنامەی “العربی الجدید” لە سەرچاوە سیاسی و حکومییەکانی عێراقەوە زانیویەتی، ئیدارەی ئەمریکا، حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقی ئاگادارکردووەتەوە لە کشانەوەی نزیکەی سەدان سەرباز و کارمەندی سەربازی ئەمریکی لە بنکەی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنباری رۆژئاوای عێراق.

ئەو کشانەوەیە پەیوەندی بە رێککەوتنی عێراق و ئەمریکاوە هەیە، کە هێزەکانی ئەمەریکا لەژێر کارەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 وە کاردەکەن، بەڵام سەرچاوەکانی دیکە باسیان لە “ناڕەزایی” ئەمریکا کرد لە پابەندنەبوونی حکومەتی عێراق بە لێکتێگەیشتن و رێککەوتنەکانی لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریکا.

بەگوێرەی ئەو سەرچاوانەی قسەیان بۆ رۆژنامەکە کردووە، راوێژکارێکی باڵای حکومەتی عێراق لەم دواییانەدا سەردانی واشنتۆنی کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا کۆبووەتەوە، ئەوانیش ئاگاداری دەکەنەوە کە حکومەتی عێراق بەڵێنەکانی خۆی بۆ سنووردارکردنی چەکی گروپەکان و رێگریکردن لە بەهێزکردنیان جێبەجێنەکردووە.

هاوکات نەیتوانیوە کۆتایی بە پشتبەستن بە غازی ئێرانی بهێنێت و رێگری لە هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات.

ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوەکردووە، بەرپرسانی ئەمریکی راوێژکارەکەی عێراقیان ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت سەرۆک وەزیران رەشنووسی یاسای رێکخستنی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پەرلەمان بکشێنێتەوە، بەڵام راوێژکارەکە ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئەوە کارێکی قورسە، چونکە پێشتر رەشنووسی یاساکە دووجار خوێندنەوەی بۆ کراوە، ئیتر ئەگەری کشانەوەی لە پەرلەمان نەماوە.

سەرچاوەکان ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە، بڕیاری کشانەوەی هەندێک لە هێزەکانی ئەمریکا بەپێچەوانەی ئەو خشتەیە کە پێشتر لە نێوان بەغدا و واشنتۆن رێککەوتنی لەسەر کرابوو بۆ کشانەوە پلەبەند، بڕیار بوو دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی و مانگی تشرینی دووەم بەڕێوەبچێت، بەڵام پێشبینی دەکرێ مانگی داهاتوو کشانەوە لە بنکەی عەین ئەسەد دەستپێبکات.

بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد کە زۆرترین ژمارەی هێزەکانی ئەمریکای تێدایە لە عێراق، بەدرێژایی ساڵان تووشی هێرشی مووشەکیی زۆر بووە، جموجوڵە ئەمنییەکانیش لە ساڵی 2020، هەزار سەربازی ئەمریكی گەیاندە بنكەی عەین ئەسەد، پێشتریش ئەمریکا سەرکردایەتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعشی کرد و 2500 سەربازی لە عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە جێگیرکرد.

پێشتر ئەمریکا و عێراق لەسەر کەمکردنەوەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا تا ساڵی 2026 رێکەوتبوون، هەر بەپێی ڕێککەوتنەکە بەشێک لە سەربازانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەمێننەوە.

سیستمی بەرگریی بنكەی عەین ئەسەد لە عێراق كارا كرا

سیستمی بەرگریی بنكەی عەین ئەسەد لە عێراق كارا كرا