موچەی 87 ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی دهۆک دەبڕدرێت

+964

عەمار عەزیز – دهۆک

16 مانگە موچەی 87 ئەندامی شارەوانییەکانی دهۆک بڕاوە، ئەندامێکیان دەڵێ، تێماندا هەیە 20 ساڵ خزمەتی هەیە بۆیە داوا دەکەین خانەنشینمان بکەن.

ئەنجومەنی شارەوانییەکان، ساڵی2001 دامەزران، کە ئەرکیان بەدواداچوونی کار و پڕۆژەکانی حکومەتە، بەڵام دوای 20 ساڵ، لەساڵی 2021 ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی لەبارەی ئەنجومەنەکانی شارەوانی دەرکرد کەیەکێک لەبڕیارەکان لادانی ئەندامانی کۆن و دانانی کەسانی نوێیە لەجێگەیان بەو مەرجەی ئەو کەسانە فەرمانبەری حکومەت بن .

عەزیز حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی لەناحیەی چەمانکێ لەسنووری قەزای ئامێدی قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە و دەڵێ، ئەوانەی موچەکانمان بڕاوە هەموویان 15 بۆ 20 ساڵ خزمەتیان هەیە.

“ناکرێت دوای ئەو هەموو ساڵە بێ ئەوەی خانەنشین بکرێین یان پارچە زەویەکمان پێ بدرێت، دوور بخرێینەوە و خانەنشین نەکرێین”. عەزیز حەسەن وای وت، ئەوەشی خستەڕوو کە خۆی 13ساڵ و شەش مانگ خزمەتی هەیە.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی964، بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران هێشتا لە هەولێر و سلێمانی جێبەجێ نەکراوە، کە یەکێک لەبڕیارەکان ئەوەیە 70٪ـی سەرۆکی فەرمانگەکانی حکومەتە خۆجێیەکان دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانییەکان، هەروەها 25٪ـی نوێنەری رێکخراوەکان و 5٪ـەکەی تریش پشکی ژنانە.

رزگار سدقی، سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە توڕی964 وت، ئەو پرسە چارەسەری لای ئێمە نییە، دەبێت ئەنجومەنی وەزیران چارەیەکیان بۆ بکات، یانیش ئەوەتا پەرلەمانی کوردستان بڕگەی پەیوەندار بە ماف و ئیمتیازاتەکانیان لە یاسایەکەدا هەموار بکاتەوە.

زیاتر وتیشی “ناکرێت دوای 20 ساڵ لەخزمەتکردن پێت بڵێن بڕۆنەوە ماڵەوە”.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق