زیندانی ئەوین لە تارانی پایتەختی ئێران
"127 بەندکراوی هەڵاتووی زیندانی ئەوینمان دەستگیر کردووەتەوە"
پۆلیسی ئێران: لە شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیلدا 21 هەزار گومانلێکراومان دەستگیر کردووە
964+
شۆڕش قادری
دوای دوو مانگ لە هەڵگیرسانی شەڕی ئێران و ئیسرائیل، پۆلیسی ئێران دان بەوەدا دەنێت کە لە ماوەی شەڕەکەدا، 21 هەزار گومانلێکراویان دەستگیر کردووە.
ئاژانسی هەواڵی مێهر لەزاری سەعید مونتەزێر مەهدی وتەبێژی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بڵاویکردووەتەوە، لە شەڕی 12 رۆژەی ئیسرائیلدا توانیویانە بە هاوکاری خەڵک 21 هەزار گومانلێکراو لەناوخۆی وڵات دەستگیر بکەن و چەندین پیلانیشیان پوچەڵکردووەتەوە.
مونتەزێر مەهدی هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە کە ئەو ژمارە زۆرە، تا ئێستا لە زینداندا ماون یان ئازاد کراون.
باسی لەوەشکردووە، دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئەوینـی تاران، 127 بەندکراوی هەڵاتوویان دەستگیر کردووتەوە و چەند بۆمبێکی نەتەقیویشیان پوچەڵکردووەتەوە.
شەوی هەینی لەسەر شەممە 13.6.2025 ئیسرائیل دەستیکرد بە موشەکبارانی تارانی پایتەخت و چەند شارێکی دیکەی ئێران، بەوەش بۆ یەکەمجار شەڕی راستەخۆی ئێران و ئیسرائیل دەستیپێکرد، کە جگە لە ژمارەیەک لە فەرماندە سەربازییە باڵاکانی ئێران، بە هەزاران کەسیش لە هەردوولا کوژران و برینداربوون، شەڕەکە 12 رۆژی خایاند و لە بەرەبەیانی 26.6.2025 بە بڕیاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەست راگەیەنرا، بەڵام تا ئێستاش مەترسی هەڵگیرسانەوەی لەئارادا هەیە.