"رۆژ نییە چەتاڵ بۆ ئۆتۆمبێل نەکەین"
هاتوچۆی کۆیە ژمارەی کارمەندەکانی ناوبازاڕ زیاد دەکات
+964
دەریا ئەحمەد – کۆیە
لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوودا، بە ئامانجی رێکخستنی هاتوچۆ، دوو جار گۆڕانکاری لە شەقامی سەرەکی ناو بازاڕی شارەکەدا کراوە، بە جۆرێک کە حەوت ساڵ لەمەوبەر شەقامەکە کرا بە یەک ساید و ساڵی رابردوو دووبارە کرایەوە بە دووساید، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قەرەباڵغی و جەنجاڵی ئۆتۆمبێل هەر ماوە.
سەرهەد میرزا، دوکاندارێکی سەر شەقامی سەرەکی بازاڕەکەیە و بە 964ـی وت، لە بنەڕەتدا دوو سایدەکە کارێکی باشە، بەڵام ئێستا کە بازاڕ کزبووە و موچە نەهاتووە، هێشتا قەرەباڵغە و ئێمە لێرە دەبینین چ قەرەباڵغییەک دروست دەبێت، جا ئەوکاتەی موچە دێت رێگا بە تەواوی دادەخرێت.
وتیشی، گرفتی سەرەکیی شۆفێران دێن چوارفلاشی ئۆتۆمبێلەکانیان دادەگیرسێنن و دەڕۆن بۆ بازاڕ، هەندێکجار ئەوەندە درەنگ دێنەوە، پاتری ئۆتۆمبێلەکەیان بێ شەحن دەبێت و زۆر جار ئێمە چەتاڵیان بۆ دەکەین یان بە پاڵ هەڵیدەکەینەوە.
لە چوارچێوەی پڕۆژەیەک و دەیانە ساڵە بڕیارە لایەکی بازاڕەکە تێکبدرێت و شەقامەکەی پێ فراوان بکرێت، بەڵام تا ئێستا جێبەجێنەکراوە و ئەم فراوانیەش کە ئێستا شەقامەکە هەیەتی وەک دووکاندارانی ناوچەکە دەڵێن، هی ساڵی پەنجاکانە کاتێک شەقامەکە درووستکراوە.
هەر لەسەر ئەم بابەتە، سەنگەر سەڵاحەدین بەڕێوەبەری هاتوچۆی کۆیە بە 964ـی وت، بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی شەقامەکە ژمارەی کارمەندانی هاتوچۆمان لەسەر ئەو شەقامە لە چوار کارمەندەوە زیادکرووە بۆ حەوت کارمەند و ناهێڵن ئۆتۆمبێل لەو شەقامە بوەستێ، ئەگەر کارێکی بچوکیشیان هەبوو دەبێ چواریەکانیان داگیرسێنن و زوو بگەڕێنەوە بە پێچەوانەوە غەرامە دەکرێن.
وتیشی، هەفتەیەکە ژمارەی کارمەندەکانی هاتوچۆمان لەسەر شەقامەکە زیادکردووە و تاڕادەیەک چارەسەری گرفتەکەی کردووە وتا ئێستا ئەمە کۆتا چارەسەرە لای ئێمە و هیچی تری لەگەڵ ناکرێ.
پێداچوونەوە:هاوبەش