یەختێکی کۆچبەران لە کەنارە ئاوییەکانی تونس - وێنە: HRW
بەرەو ئیتاڵیا دەچوون
یەختی ژمارەیەک کۆچبەری کورد سۆراغی نییە
964+
ئەحمەد مستەفا
یەختێکی کۆچبەران کە دەبوو بە 50 کاتژمێر لە تونسەوە بکاتە دوورگەی لێیبادوژا لە باشوری خۆرهەڵاتی ئیتاڵیا، وا 120 کاتژمێر تێپەڕیوە، بەڵام نە گەیشتووە و نە هیچ سۆراغێکی هەیە.
یەختەکە لە رۆژی 5.8.2025 لە تونسەوە بەرێ کەوتبوو، دەبوو پاش 7.8.2025 بگەشتایە بە دوورگەکە.
ئەم ئێوارەیە، پێشڕەو عەبدوڵا، نوێنەری کۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەکان لە ئەوروپا بە 964ی وت، ماوەی 24 کاتژمێرە سۆراغی یەختەکە دەکەین، وڵاتانی ماڵتا، تونس، لیبیا و ئیتاڵیا- مان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام تائێستا هیچ سۆراغێکیان نییە.
سەرنشیەکان، بە گوێرەی زانیاری کۆمەڵەکە زۆرینەیان کوردانی رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستانن، کە وا ماوەی پێنج رۆژە لە دەریادان، ئەو نوێنەرەی پەنابەران وتی، ناچار بووین لە میدیاکانەوە سۆراغی ئەو کۆچبەرانە بکەین، چونکە کات تێپەڕیوە و دەشمانەوێ وڵاتان کەیسەکە بە هەند وەربگرن.
ماوەیەکە کۆچبەرانی کورد، لە تونس و لیبیاوە هەوڵی گەشتن بە ئیتاڵیا دەدەن وەک دەروازەیەک بۆ گەشتن بە وڵاتانی ئەوروپا، بە گوێرەی سۆراغی 964، کولفەی تێچوون لەو رێگەیەوە نزیکەی دوو دەفتەر دۆلای تێدەچێ، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەک کۆچبەر روبەرووی گرتن و دواتر دیپۆرتکردن بوونەتەوە.