گرافیک؛ 964+
ته‌نیا له پێش سوریا و ئه‌فغانستانه
به‌پێی ریزبەندی نوێی پاسپۆرتەکانی جیهان عێراق هه‌ر له پله خراپترینه‌كه ماوه‌ته‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
پاسپۆرتی عێراق یەکێکە لە پاسپۆرتە لاوازەکان و به جۆرێك ته‌نیا له‌پێش پاسپۆرتى وڵاتانى سوریا و ئه‌فغانستانه و هه‌ڵگرانیشی ده‌توانن به بێ ڤیزا ته‌نیا سه‌ردانى ته‌نیا 30 وڵات بكه‌ن زۆرینه‌ى ئه‌م وڵاتانه‌ش كه‌مترین رێژه‌ى گه‌شتیار رووی تێده‌كات.
ریزبەندیەکە نوێیه‌و بۆ ئه‌سماڵی 2025 ـه، له‌لایه‌ن henleyglobal بڵاوكراوه‌ته‌وه.
هەڵگرانی پاسپۆرتی سەنگافورە ئاسانتر گەشت بە جیهاندا دەکەن و لە ریزبەندی نوێی بەهێزترین پاسپۆرتەکانی جیهاندا پلەی یەکەمی گرتوە، بەجۆرێک دەرگای جیهانیان بە روودا کراوەتەوە، بە بێ ڤێزا دەتوانن سەردانی 193 وڵات بکەن.
پاسپۆرتی وڵاتانی ژاپۆن و کۆریای باشوریش لە ریزبەندیەکەدا لە پلەی دووەمدان، بەو پێیەی هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەو دوو وڵاتە ئاسیاییە بە بێ ڤێزا دەتوانن گەشت بۆ ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان بکەن.
لە پلەی سێیەمیشدا پاسپۆرتی چەند وڵاتێکی ئەوروپی دێت، کە پێکهاتون لە دانیمارک و فینلەندا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و ئیسپانیا و ئێرلەندا، هه‌ڵگرانی پاسپۆرتی ئەو وڵاتانە بە بێ ڤێزا دەرگای گەشتکردنی 189 وڵاتیان بە ڕوودا کراوەتەوە.
هەرچی تایبەتە بە وڵاتانی عەرەبی، وڵاتی ئیمارات خاوەنى بەهێزترین پاسپۆرتە، بەو پێیەی هەڵگرانی پاسپۆرتی ئەو وڵاتە دەتوانن بە بێ ڤیزا گەشت بۆ 184 وڵات بکەن.
پاسپۆرتی عێراقیش یەکێکە لە پاسپۆرتە لاوازەکان و پاسپۆرتی ئەو وڵاتە لە ریزبەندیەکەدا لە پلەی 97 دێت، هەڵگرانی پاسپۆرتی عێراقی بە بێ ڤێزا دەتوانن گەشت بۆ 30 وڵات بکەن، بەڵام زۆرینەیان ئەو وڵاتانەن کە لە ئاستی جیهاندا مەترسیدارن و رێژەی گەشتیاریان زۆر کەمە.