دەربەندی گۆمەسپان

دوو هاوڵاتی لە مردن رزگار كران

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی لە دەربەندی گۆمەسپان دوو هاوڵاتی لە خنكان و مردن رزگار كران، كە بۆ سەیران و گەشت هاتبوونە شوێنەكە و خەریك بوو گەشتەكە ببێتە شین و گریان.

بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوو هاوڵاتییان بە ناوەكانی عەبدولڕەحمان ئەحمەد سەعید تەمەن 25 ساڵان و عەبدوڵا سەدرەدین رەشید تەمەن 10 ساڵان لە خنكان رزگار كرد، كە بەم هەینییە بۆ سەیران و گەشت هاتبوونە دەربەندی گۆمەسپان.

بەڕێوەبەرايەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای هەولێر وردەكاریی رووداوەكەی باس نەكردووە، بەڵام داوا لە هاوڵاتيان دەکەن لەو شوێنانەی مەترسی هەيە و قەدەغە کراوە، مەلە نەکەن، هەرچەندە ئەمە یەكەم جار نییە ئەو داواكارییە دەكرێ و دەیان جاری دیكە و بە دەیان شێواز لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین داوا لە هاوڵاتیان دەكرێت خۆیان لەو شوێنانە بەدووربگرن، كە مەترسیدارن و بە كەڵكی مەلەكردن نایەن.