"مەڕەکانم بەهۆی بێئاوی فرۆشت"

بەنداوی دەرکار چوار مانگ بەر لە وادەی خۆی وشک بوو

964+

شڤان عەبدوڵا – زاخۆ

بەنداوی ناحیەی دەرکار دەکەوێتە باکوری ناحیەکە، سەرچاوەی ئاوەکەی تەنیا لە بارانەوەیە و هیچ کانی و گۆمێکی نارژێتە سەر، توانای هەڵگرتنی 120 هەزار مەتر سێجا ئاوی هەیە، بەهۆی بێبارانی ئەمساڵ وشک بووە.

ئاوی بەنداوەکە پێشتر بۆ ئاژەڵداری و ڕەز و بیستان سودێکی باش لەلایەن جوتیار و خاوەن مەڕ وماڵاتەوە لێدەبینڕا، دوای وشکبوونەوەی بەنداوە رێژەی هەرە زۆری خاوەن مەڕ و جوتیارەکان وازیان لەئاژەڵداری و رەز و باخی خویان هێناوە.

عەبدوڵا مەحمود، ئاژەڵدارێکی ناحیەی دەرکارە بە 964ی وت، پێشتر خۆی نزیکەی 100 سەر مەڕ و براکەی نزیکەی 600 مەڕیان هەبووە، بەهۆی کەمیی ئاو هەموو مەڕەکانیان فرۆشتوە، ئەگەر کێشەی کەمئاوی چارەسەر بکرێت دووبارە دەستدەکەنەوە بە ئاژەڵداری.

جەهوەر محەمەد، بەرێوەبەری ناحیەی دەرکار بە 964ی وت، ئاوی ژێرزەوی لە ناحیەکە نیە، بۆیە ناتوانن بیری ئیلتیوازیش دروستبکەن، ژمارەیەک خاوەن مەڕ ئێستا ئاوی پاکی ماڵان بە مەڕەکانیان دەدەن و ئەوانی دیکەش دەتوانن سودی لێوەرگرن.

وتیشی، ئەمە دوو ساڵە بەنداوەکە وای بەسەردێت، لە داهاتوودا چارەسەرێکی بنەڕەتی دەدوزنەوە و جگە لە سود وەرگرتن بۆ ئاژەڵداری و جوتیاری، پلانیان هەیە لە دەوروبەری بەنداوەکە پارک و سەوزایش دروستبکەن بۆ ئەوەی ببێتە شوێنێکی گەشتیاریش.

ناحیەی دەرکار سەر بەئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە، خاکی ناحیەکە بۆ کشتوکاڵکردن و ئاژەڵداری زۆر بەپیتە، بەجورێک ئاوارەکانی شنگال و دەوروبەری ناحیەکە سەوزە و میوە دەچێنن، بەڵام دوای ئاسایی بوونەوەی دوخی شنگال کشتوکاڵکردن وەکو جاران لەوێ نەماوە.

پێداچوونەوە: هاوبەش

"بە تاپۆی ساختە فێڵ لە کوڕەکەم کراوە؛ دوو دەفتەر پارەی خوراوە"