بینای بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی هەڵەبجە _ وێنە: بڵند عەبدولکەریم
گرفتی چییان هەیە؟
هێشتا رەگەزنامە و باری شارستانی هەڵەبجە لە سلێمانی جیانەکراوەتەوە
964+
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
بۆ جیاکردنەوەی بەڕێوەبەرێتی رەگەزنامە و باری شارستانی هەڵەبجە وەک بەڕێوەبەرایەتییەکەی سەربەخۆ لە دەرەوەی پارێزگای سلێمانی، ماوەی سێ ساڵە ئامادەکاری دەکرێت و هێشتاش نەگەشتووەتە ئەو رادەیەی کە مامەڵەی هاوڵاتیان رایی بکرێت و پێویستیان بە چوونە سلێمانی نەبێت.
وا سێ ساڵە لە گەڕەکێکی هەڵەبجە بینایەکیان بۆ گیراوە، بەڵام کاروبارە ئیداریی و هونەرییەکان هێشتا نەگەشتوون بە کۆتایی، هەر ئەوەندەش نا گرفتی کەمی میلاکیان هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6.8.2025، ئاوات محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی رەگەزنامە و باری شارستانی هەڵەبجە بە 964ی وت، بەو پێیەی کە بەڕێوەبەرایەتیەکەیان لە رووی هونەرییەوە سەر بە بەغدایە، دەبێ سەرجەم رێکارەکان بەو پێوەرانەبن کە ئەوان دیاریدەکەن، یەکێک لە مەرجەکانی بەغدا هەبوونی بینایەک و کەلوپەلی پێویستە، وە بنیادنانی بەڕێوەبەرایەتییەکی گەورە و جیاکردنەوەی لە بەڕێوەبەرایەتی سلێمانی بەو شێوەیە ئاسان نییە، بەو شێوەیەش نییە کە ئێمە بینایەکمان بەکرێ گرتبێت و وازمان لێ هێنابێت.
لەسەر دابینکردنی میلاکات، ئاوات محەمەد وتی، بەڕێوەبەرایەتییەکەمان لە رووی ئیدارییەوە سەر بە حکومەتی هەرێمە، لەو 500 میلاکەی کە ئەمساڵ بۆ هەڵەبجە دامەزران، چەند میلاکێکیش بۆ ئێمە دانراوە، بەڵام هێشتا پەیوەندییان نەکردووە، و ئەو ژمارەیەش بۆ ئێمە کەمە، بۆیە ناچارین لە بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەکانی دیکە داوای میلاک بکەین، هەتا بتوانین لە کاتی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتیەکەدا، بێ کێشە کاروباری هاوڵاتیان رایی بکەین.
بەقسەی ئەو بەڕێوەبەرە، لە ئێستادا کاروباری کارتی نیشتیمانی هەر لە هەڵەبجە بۆ هاوڵاتیان ئەنجامدەدرێت، و ئەو کارانەشی کە پێویستیان بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکە هەیە دەبێت سەردانی سلێمانی بکەن، هەتا ئەو کاتەی بەڕێوەبەرایەتی هەڵەبجە تەواو دەبێت و دەست بە رایکردنی مامەڵەی هاوڵاتییان دەکات.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا