لە تەواوبوندایە
پڕۆژەیەكی گەورەی ئاو لە كەركوك زیاتر لە 70 هەزار هاوڵاتی سودی لێ دەبینن
964+
محەمەد فاتیح
پڕۆژەی ئاوی ناوەندی تازە، لە ناحیەی تازەى سەر بە پارێزگای کەرکوک، بە توانای (2000) م3/س، لە تەواوبوندایە، كه خزمەت بە زیاتر لە (70) هەزار هاوڵاتی دەکات.
پڕۆژەکە له 95%ـى كارەكانی تێپەڕاندووە و چووەتە قۆناغی تاقیکردنەوە و بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ 2025، بچێتە خزمەت هاوڵاتییانەوە.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق، باس لەوە دەكات، پڕۆژەکە بریتییە لە وێستگەی پاڵاوتنی ئاو و تەعقیمکردن و ئاوی خواردنەوە بۆ نزیکەی 70 هەزار کەس لە قەزای تازە و ناوچەکانی دەوروبەری دابین دەکات.
كێشەی كەم ئاویی تازە چارەسەر دەكات
پرۆژەکە، دەکەوێتە سەر رووبەری 28 هەزار مەتر چوارگۆشە و پێکدێت لە چەندین باڵەخانە و سێ حەوزی نیشتنەوە و حەوزێکی کۆکردنەوە و یەکێکی دیکە بۆ پاڵاوتنی ئاو، هەروەها چوار هێڵی گواستنەوەی تیرەی جیاواز لەخۆدەگرێت.
لەگەڵ تەواوبوونی پڕۆژەکە، بەشدار دەبێت لە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە، بۆ قەزای تازە و ناوچەکانی دەوروبەری و نەهێشتنی کەم ئاويى، کە ئەو ناوچانە بەدەستیەوە دەناڵێنن.