لەسەر داوای پارێزگاری سلێمانی
نەرمین قادر لە گۆڕستانی بازیان بەخاک دەسپێردرێت
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
تەرمی هونەرمەند نەرمین قادر بەڕێکرا بۆ گۆڕستانی بازیان و بڕیاردرا لەو گۆڕستانە کە نزیکە لە ماڵەکەی خۆیەوە بە خاک بسپێردرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە 964ـی وت، سوپاسی لۆلان خانی کچی خوالێخۆشبوو دەکەم کە قسەی منی نەشکاند و رازی بوو لە گۆڕستانی بازیان بە خاکی بسپێرین.
وتیشی، حەزم دەکرد لە باوەشی سلێمانیدا بێت، بەڵام بۆ ئەوەی قسەی لۆلان خان و وەسێتەکەی نەرمین قادر نەشکێنین، گۆڕستانی بازیانمان هەڵبژارد، چونکە نزیکە لە ماڵەکەی خۆی.
پێشتر کچەکەی نەرمین قادر بە میدیاکانی راگەیاندبوو، دایکی وەسێتی کردووە لە حەوشەی ماڵەکەی خۆیدا بنێژرێت، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش باخاک سپاردنی تەرمەکە دواخرا بۆ ئەمڕۆ
نەرمین قادر لە ساڵی 1962 لە سلێمانی لەدایکبووە، نزیکەی 40 ساڵی تەمەنی بەخشیە هونەری کوردی و یەکەم دەرکەوتنی لە ساڵی 1975 لە شانۆییەک بوو، کە هەم رۆڵی دەگێرا و هەم گۆرانی دەوت، بە تاقە ژنە پاڵەوانەکەی بەرنامەی بەرنامە ناسرابوو، هاوسەرەکەی لە ساڵی 1994 گیانی لەدەستداوە، دایکی کچ و کوڕێکە و سەر لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 5.8.2025 پاش ماوەیەکی زۆر رووبەروو بوونەوەی لەگەڵ نەخۆشی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر