زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی و دارستانی سووتاندووە
دوو رۆژە ئاگرەکەی گوندی بناوەسووتە لە باشماخ بەردەوامە
964+
کامیار کەمال – پێنجوێن
ماوەی دوو رۆژە ئاگرێکی زۆر لە نزیک گوندی بناوەسووتە کە دەکەوێتە دەرەوازەی نێودەوڵەتی باشماخ بەردەوامە و زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی دارستان سووتاوە.
موقەدەم سەردار ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی پێنجوێن بە 964ـی راگەیاند، تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە دیار نییە و ناوچەکەش مینە و ناتواندرێت کۆنترۆڵ بکرێت.
وتیشی، پۆلیس و خەڵکی ناوچەکەش هاتوون بەدەم ئاگرەکەوە بەڵام کۆنترۆڵکردنی زەحمەتە و ناتوانرێت لەبەر بوونی مین و چڕی دارستانەکانی.
باسی لەوەشکرد، تا ئێستا مەزەندە دەکرێت زیاتر لە هەزار دۆنم دارستانی چڕ سووتاوە و زیانیش بەر کشتوکاڵی هاوڵاتیان کەوتووە.
ئەوەش خستەروو، لە ئێستاشدا ئاگرەکە بە بەهێزی بەردەوامە و چاوەڕێ دەکەن بکەوێتە دەرەوەی ناوچەی مین تاوەکو بتوانن بچن بەدەم ئاگرەکەوە و کۆنترۆڵی بکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی