بەڕێوەبەری گشتی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەکە:
“ئەوانەی سکاڵایان لەسەر عەجاج هەیە لە ئەمن سوورەکە دەتوانن تۆماری بکەن”
+964
دیلان محەمەد – سلێمانی
لە مڕۆوە هاوڵاتییان دەتوانن بڕۆن و لە مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سوورەکە سکاڵا لەسەر عەجاج تۆمار بکەن و بەڕێوەبەری مۆزەخانەکەش دەڵێت، بۆ ئەمڕۆ کەس سکاڵای نەبوو، بەڵام لە سبەیەوە سکاڵاکار دێن.
ئاکۆ غەریب، بەڕێوەبەری گشتی مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەکە بە 964ـی وت، لە ئەمڕۆوە تا رۆژی شەممە ئەو هاوڵاتییانەی سکاڵایان لەسەر عەجاج هەیە دەتوانن سەردانیان بکەن و سکاڵا تۆمار بکەن.
وتیشی، جگە لە سلێمانی لە هەر یەک لە چەمچەماڵ و کەلاریش شوین دابین کراوە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان سکاڵا تۆمار بکەن.
عەجاج ئەحمەد حەردان ئەفسەرێکی ئەمنیی رژێمی لەناوچووی بەعس و بەرپرسی زیندانی نوگرە سەلمان بوو، کە تۆمەتبارە بە ئەشکەنجەدان، کوشتن و دەستدرێژیکردن بۆ سەر سەدان زیندانی، بەتایبەتیش ئەنفالکراوان و زیندانییە کوردەکان.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر