لە شارەزوور
شۆردنى ئۆتۆمبێل بە ئاوى ماڵان 50 هەزار لەسەر خاوەنەکەى دەکەوێت
964+
بڕوا مەجید_ شارەزوور
نەکەن سۆندە بێننە دەرەوە و لەبەر دەرگا ئۆتۆمبێلەکەتانى پێ بشۆن، چونکە لە شارەزوور لیژنەیەک بۆ سەرپێچیکردنە سەر ئاوى ماڵان پێکهێندراوە و هەر سەرپێچیکارێک تۆمار بکات، بە 50 هەزار سزاى دەدات.
لیژنەکە دوو مانگە پێکهێنراوە و قائیمقامییەت و فەرمانگەى ئاو سەرپەرشتى دەکەن، مەبەستەکەش ئەوەیە لەم وشکەساڵییەدا بتوانن رێ لە بەفیڕۆچوونى ئاو بگرن.
بەوتەى سەرهەنگ ئەحمەد کە ئەندامى لیژنەکەیە و قسەى بۆ 964 کردووە، لیژنەکەیان لە مانگى شەش و حەوت توانیویانە 257 سەرپێچى لەبەردەرگاى ماڵان تۆمار بکەن کە ئەویش شۆردنى ئۆتۆمبێلە.
لە غەسلەکانى شارەزوور شۆردنى ئۆتۆمبێل 5 هەزار دینارە، بەڵام سزاى ئەو لیژنەیە بۆ ئەو کەسانەى بە ئاوى ماڵان ئۆتۆمبێل دەشۆن 50 هەزار دینارە، واتا بەو سزایە 10 جار دەتوانى لە غەسل ئۆتۆمبێلەکەت بشۆیت.
“بۆ سزادان ژمارەی خانوی ماڵەکان دەدرێتە فەرمانگەی ئاوی شارەزوور و لەرێگەی ژمارەی خانوو یان ژمارەی هاوبەشی ئاوەکەی سزاکە دەخرێتە سەر پسوڵەى ئاوەکەیان و سزا دەدرێن، سزای هەر ماڵێک بڕەکەی 50 هەزارە و ماڵ هەیە دووجار ناوی نوسراوە”، سەرهەنگ ئەحمەد واى وت.
جەختیش دەکاتەوە، هیچ ماڵێک لە بەر شۆستە شۆردن یان درەخت ئاودان ناوی نەنوسراوە سزابدرێت.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح