پشکنین بۆ باڵەخانەکانی هەولێر دەکرێت

964+

فەهمی نەبی

وەزارەتی شارەوانی، لیژنەیەک پێکدەهێنێت بۆ پشکنینی باڵەخانەکانی هەولێر، بۆ ئەوەی بزانرێت دوای بومەلەرزەکەی ئەم دواییە، تا چەند زیان بەر باڵەخانەکانی هەولێر کەوتووە، تاچه‌ندیش کەموکوڕی له‌ باڵەخانەکاندا هه‌یه‌.

ئەمڕۆ دووشەممە 20.2.2023 وەزارەتی شارەوانی سیمینارێکی رێکخست بۆ ئەو ئەندازیارانەی کە بڕیارە پشکنین بۆ باڵەخانەکانی شاری هەولێر بکەن.

تاقگە محەمەد سەعید، سەرۆکی بەشی پلان و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی هەولێر بەتۆڕی964ی وت “لەدوای روودانی بوومەلەرزەکە پشکنین بۆ هەموو باڵەخانەکانی هەولێر دەکرێت، لە زیانەکان دەکۆڵدرێتەوە و هەڵدەسنگێندرێن ئاخۆ بۆ ژیانکردن دەبن یان مەترسیدارن”.

تۆڕی 964 زانیویەتی لیژنەیەک له ئەندازیارانی هەریەک لە وەزارەتی شارەوانی، پارێزگای هەولێر و دەستەی وەبەرهێنان پێكدێت.
ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی دوای سیمینارەکە بۆ راگەیاندنەکان وتی “ئەندازیاران دەگەڕێن، هەر کەموکوڕیەک لە باڵەخانەکان هەبێت، دەستنیشانی دەکەن”.
عیسام محەمەد، مامۆستای بەشی ئەندازیاری زانکۆی سەڵاحەدینە، هاوشان لەگەڵ بەهمەن عومەر مامۆستای هەمان بەش سیمینارەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی شارەوانی بەڕێوەدەبرد، بۆ تۆڕی 964 قسەیکرد، دەڵێت “باڵەخانەکانی کوردستان، لەسەر کۆدی ئەمریکی دروستکراون، بۆیە تاڕادەیەکی باش رەچاوی بوومەلەرزەی تێداکراوە”.

کۆدی ئەندازیاری لە دروستکردنی باڵەخانە، واتا دروستکردنی رەچاوکردنی بنەمای ئەندازیاری بۆ دروستکردنی باڵەخانەیەک بەپێی ستانداردی ئەو وڵاتە.

بەگوێرەی وتەکانی عیسام محەمەد، عێراق خاوەنی کۆدی خۆیەتی و زانکۆی موستەنسڕیە دروستیکردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانە پشت بەو کۆدە نابەستێ و کار بە کۆدی ئەمریکی دەکات.

رۆژی 6.2.2023، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.7 لە هەریەکە لە وڵاتەکانی تورکیا و سوریای روویدا، بەجۆرێک هەریەکە لە وڵاتەکانی عێراق و ئوردن و لوبنانیشی گرتەوە، لەو کاتەوە دەنگۆی درزبردنی چەند باڵەخانەیەکی هەرێمی کوردستان دروستبووە، بەڵام تا ئێستا پشتڕاست نەکراوەتەوە.