"هێرشە درۆنییەکان کاریگەریان هەبووە"
بەنزینی حکومی لە هەولێر کەمبووە؛ تەنیا 16 بەنزینخانە دابەشی دەکەن
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
هێرشە درۆنییەکان تەنیا کاریگەریان لەسەر کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت نەبووە، بەڵکو بەرهەمهێنانی بەنزینیشیان کەم کردووەتەوە و ئەوەتا لە هەولێری پایتەخت، لە کۆی 25 بەنزینخانەی حکومی، تەنیا 16 بەنزینخانە بەنزین دابەش دەکەن و شۆفێران دەبێ ماوەیەکی دوور و درێژ لە نۆرەدا بمێننەوە.
محەمەد جەمیل لە سەرەی وەرگرتنی بەنزینی حکومی پاڵپشتیکراو، قسەی بۆ مایکی 964 کرد و وتی، “نزیکەی 25 خولەکە لە سەرەدام کە جاران بە پێنج دەقە بەنزینم وەردەگرت”.
باسی لەوەشکرد، چەند رۆژ پێشتر لە هەموو هەولێر شەش بۆ حەوت بەنزینخانەی حکومی، بەنزینیان دابەش کردووە و رۆژ هەبووە بەنزینی بەرنەکەوتووە و بەدەست بەتاڵی گەڕاوەتەوە ماڵەوە.
سەبارەت بەو بابەتە 964 پەیوەندیکرد بە سیروان عەبدوڵا بەڕێوبەری بەنزینخانەکانی هەولێر، ئەو وتی، “هێرشە درۆنییەکان کاریگەریان هەبووە لەسەر بەرهەمهێنانی بەنزین و پاڵاوتنی، لەئێستاشدا لەهەوڵداین بەنزینەکە بگەڕێنینەوە بۆ ئاستی جارانی”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری