تەكسی 964
تەڵعەت تاهیر دوو نهێنی ئاشكرا دەكات: شیعری “هەولێر”ـی نالی من نووسیومە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شاعیر و نووسەری ناسراو تەڵعەت تاهیر بۆ یەكەمجار نهێنییەك ئاشكرا دەكات و دەڵێت، ئەو شیعرەی سەبارەت بە هەولێر بە ناوی “نالی”ـی شاعیر نووسراوە، ئەو نووسیویەتی، دەشڵێت، هەولێر بۆ من هێلانەیە.
تەڵعەت تاهیر میوانی ئەم هەفتەیەی بەرنامەی تاكسی 964ـە و دەڵێت، هەولێر بۆ من هێلانەیە و هەرچەندەی لێی دووربم، زیاتر خۆشم دەوێت
هەروەها بۆ یەكەمجار نهێنییەك لە ناو بەرنامەكە ئاشكرا دەكات و دەڵێت، ئەو شیعرەی بۆ هەولێر گوایە لە لایەن “نالی”ـی شاعیرەوە نووسراوە، ئەو نووسیویەتی، بەڵام دەڵێت، “یەكەمجارە ئەو نهێنییە ئاشكرا دەكەم و بۆ منیش گرنگ نییە بە ناوی منەوە بێت، چونكە من ناگەم بە پەنجەیەكی نالی”.
تەڵعەت تاهیر ئەو تۆمەتانە رەتدەكاتەوە، كە شیعری شاعیرانی گەورەی عەرەب لە نموونەی ئەدۆنیس و مەحمود دەرویش بە دەستكارییەوە بە ناوی خۆیەوە بڵاو بكاتەوە و لەمبارەشەوە دەڵێت: دوابەرهەمم وەرگێڕانی كوردیی شیعرەكانی ئەدۆنیسە، ئەگەر من شیعری ئەوان بكەم بە هی خۆم، بۆچی وەریاندەگێڕم و چاپی دەكەم، دەبێ هەوڵ بدەم بیانشارمەوە.
هەروەها نهێنییەكی دیكەش ئاشكرا دەكات و دەڵێت، “ئەو جۆرە پڕوپاگەندانەی گوایە شیعری شاعیرانی عەرەبم بە ناوی خۆم بڵاودەكەمەوە، خۆم برەوم پێداوە، چونكە دەمویست لە سێبەری ئەو قسانە دەربچم، كە هەر شتێكم بڵاودەكردەوە دەیانگوت لە شیعری شێركۆ بێكەس و عەبدوڵا پەشێو و لەتیف هەڵمەت دەچێت”.
تەڵعەت تاهیر زۆر بابەتی دیكەش باس دەكات و دەتوانن تەواوی بەرنامەكە لە ڤیدیۆیەكەدا ببینن.