داوای هاوكاری دەكەن
ئاگرەکەی سۆران بە ئاو کۆنتڕۆڵ ناکرێت
+964
ئاکام غەفور- سۆران
زیاتر لە 24 کاتژمێرە ئاگرەکەی زبڵخانەی باپشتیان لە سۆران بەردەوامە، دووکەڵی ژەهراوی زبڵ و لایلۆن و پلاستیک ئاسمانی رواندز و سۆرانی داپۆشیوە، بەرگریی شارستانیش دەڵێت، بە ئاو ناکوژێتەوە و داوای هاوکاریی دەکەن.
رەوەند هاودیانی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سۆران، بۆ 964 وتی، “15 تیمی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن، بەڵام لە کۆنتڕۆڵ دەرچوە، بۆ کوژاندنەوەی پێویستمان بە هاوکارییە و چارەسەری ئەوەیە زبڵەکە خۆڵی بەسەردا بکرێت ئەگەرنا بە دوو رۆژی تریش بە ئاو ناکوژێتەوە”.
وەک باسی دەکات، کارەکە قورسە و شوێن هەیە زیاتر لە 10 مەتر زبڵ لەسەر یەک کەڵەکە بووە، تاکو زیاتر ئاو بەکاربێنن دوکەڵی زیاتر بڵاو دەبێتەوە، کارەساتە ژینگەیەکە گەورەتر دەبێت.
لای خۆیەوە، هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بە 964ـی وت، ئەگەر کارگەی ریسایکلین دروست کرابا تووشی ئەو کارەساتە ژینگەییە نەدەبووین، کە چەندین ساڵە هاوار دەکەین بۆ دروست کردن و تەواوکردنی.
زبڵخانەی سۆران دەکەوێتە باپشتیان لە نێوان شاری سۆران و رواندز، ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە زبڵ و خاشاکی قەزای سۆران و رواندز و خەلیفان بە گوند و ناحیەکانیانەوە لەم شوێنە فڕێ دەدرێت و تا ئێستا ئیدارەکە خاوەنی کارگەی ریسایکلین نییە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا