"مەترسیدارە"
لە نەبوونى مەلەوانگە؛ گەنجانى قەڵادزێ بۆ مەلەکردن دەچنە سەر زێى بچوک
964+
محەمەد عەلى- قەڵادزێ
بەهۆى نەبوونی هیچ مەلەوانگەیەک لە قەڵادزێ، گەنجانی ناوچەکە بۆ خۆفێنککردنەوە و مەلەکردن روو لە زێی بچوک دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە مەترسی گیانی بەردەوامیان لەسەرە و هیچ تیمێکی فریاگوزاری و بەرگری شارستانی لە ناوچەکەدا بوونی نییە.
گەنجان و سەدان خێزان، بەتایبەتی لە رۆژانی هەینیدا، لە نزیک دەڵگە و کەویە لە دەوروبەری زێی بچوک کۆدەبنەوە و مەلە دەکەن، ئەمەش بووەتە دیاردەیەکی باو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
یەکێک لە مەترسییە سەرەکییەکان بریتییە لە بەردانەوەی ئاوی زێی بچوک لەلایەن ئێرانەوە، کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی ئاستی ئاوەکە و دروستبوونی مەترسی خنکان بۆ ئەو کەسانەی لەناو ئاوەکەدان.
سەرەڕای ئەم مەترسییە، هیچ تیمێکی تایبەتی بەرگری شارستانی بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان لەو ناوچانەدا جێگیر نەکراوە.
لە بەرامبەردا، ژمارەیەک لە گەنجانی خۆبەخش و مەلەوانی شارەزا ئەرکی رزگارکردنی ئەو کەسانەیان گرتووەتە ئەستۆ کە لە کاتی مەلەکردندا رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە.
ئاکار ئەحمەد، یەکێک لەو گەنجانەى قەڵادزێیە، بە 964ـی وت”بەهۆی گەرماوە، هەفتەی چەند جارێک روو لە زێی بچوک دەکەین بۆ خۆفێنککردنەوە و مەلەکردن، چونکە هیچ مەلەوانگەیەک لە سنوورەکەماندا نییە”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح