داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 11 ملیار دینارە - وێنە؛ گرافیکی 964
بزانە چەندی نەختە و چەندی چەکە؟
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر لە 11 ملیار دینارە
964+
شۆڕش قادری
داهاتی نانەوتی ئەم هەفتەیەی هەردوو پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە زیاتر لە 11 ملیار دینارە و زیاتر لە 10 ملیار دیناری نەختە.
وەک ماڵپەڕی شەفافیەت لە نوێترین داتا و ئاماری خۆیدا ئاشکرایکردووە، داهاتی نانەوتیی سنووری سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی راپەڕین و گەرمیان لە 26.7.2025 تا ئەمڕۆ هەینی 1.8.2025، 11 ملیار و شەش ملیۆن و 743 هەزار و 514 دینارە.
لە داهاتی ئەم هەفتەیەی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە، بڕی 10 ملیار و 804 ملیۆن و 968 هەزار و 514 دیناری بە شێوەی نەختینە و 201 ملیۆن و 737 هەزار دیناری چەکە و 38 هەزار دیناریشی پاکتاوکردنە (مقاصە).
پاکتاوکردن یان (مقاصە) واتە کۆمپانیایەک یان شوێنێک پڕۆژەیەک یان کارێکی بۆ حکومەت ئەنجامداوە، حکومەت پارەکەی نەداوە و قەرزاری کۆمپانیاکەیە، ئێستا کە کۆمپانیاکە باج و گومرگی بۆ هاتۆتەوە، پارەکە نادات و دەخرێتە بری ئەو پارەیەی کە حکومەت قەرزارە و حسابەکە ساف دەکرێتەوە
ماڵپەڕی شەفافییەت هەموو هەفتەیەک داهاتە نانەوتییەکانی هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دەخاتەڕوو.
ئەو داهاتەی ماڵپەڕەکە ئاشکرای دەکات، لە دەروازە سنوورییەکان، فڕۆکەخانە، گومرگ، کرێی کێش و پێوەرەکان، پێبژاردن و سزای دارایی، پشکنینەکان، رسووماتی بەخشین، ژینگەی ئۆتۆمبێل، تابلۆ و داهاتی شارەوانییەکان، بەدەستهاتوون.