ئۆپراسیۆنی ئەنجامداوە
بەپرسێک لە CPT: تورکیا لە ناوچەیەکی زاخۆ هەژموونی خۆی سەپاندووە
964+
ئەحمەد مستەفا
لەگەڵ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی نێوان پەکەکە-تورکیا لەبەردەم پێکهێنانی کۆمسیۆنەکەی پەڕلەمانە، بەڵام رێکخراوێک دەڵێ، لە رۆژی سێشەممە سوپای تورکیا بە بەشداری نزیکەی 250 سەرباز، ئۆپەراسیۆنێکی خاکڕەوی بۆ سەر گوندەکانی دەڤەری گولی، لە قەزای باتیفا لە پارێزگای دهۆک دەستپێکردووە.
لە رۆژی یەکەم “سێشەممە 29.7.2025″، سەرەتا سەربازەکان لە رێگەی چەند هەلیکۆپتەرێکەوە لەسەر چیای “سیارا ستەورێ” جێگیرکران و بارەگایەکی سەربازیان لەسەر چیاکە دروستکردووە.
لە بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممە 30.7.2025، سەربازەکان دەستیان کردووە بە کێوماڵکردنی تەواوی گوندەکانی دەڤەری گولی و هاتن و چونی ناو گوندەکان بە تەواوی قەدەغەکراوە.
کامەران عوسمان، بەرپرسی دێسکی مافی مرۆڤە لە رێکخراوی CPTی ئەمریکی و زانیارییەکەیان ئاشکراکردووە، ئەو بە 964ی وت، سەربازەکان، لە گوندی “کەشان”ەوە بەرەو گوندی “بانکێ” رۆشتن و بازگەی هێزی پاراستنی سنوری عێراقیان تێپەڕاند و دواتر بەرەو گوندەکانی “شلین، شیلانێ، بانکێ، لێهڤانێ، ئەبلەهێ و پیربلا” بەردەوامیان بە کێوماڵکردنەکەیانداوە.
سوپای تورکیا، لە رۆژی دووشەممەوە 28.7.2025، هەموو رێگاکانی گوندی کەشانی بۆ سەر رەز و باخ و بێستانی جوتیارەکان داخستووە و تەواوی گوندنشینەکانیش ئاگادار کراونەتەوە کە لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرەوە.
لەبارەی ئامانجی ئۆپراسیۆنەکەوە، ئەو بەرپرسەی مافی مرۆڤ لە CPT وتیو سوپای تورکیا، مەبەستیەتی لە قێگەی ئەم ئۆپەراسیۆنەوە، قێگری لە گەڕانەوەی گوندنشینان بۆ سەر گوندەکانی خۆیان بکات و پڕۆژەی دروستکردنی “ناوچەی دابڕ” لە گوندەکانی سەرسنور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێبکات و بەتەواوی هەژموونی سەربازی خۆی لە ناوچەکەدا بسەپێنێت.