وەزارەتی کارەبا:

دوو ملیۆن و 700 هەزار كەس لە کوردستان كارەبای 24 سەعاتیان هەیە

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ژمارەی ئەو هاوڵاتییانەی سوود لە كارەبای 24 سەعاتی وەردەگرن، گەیشتە دوو ملیۆن و 700 هەزار كەس.

وەزارەتەكە ئەمڕۆ پێنجشەممە 31.7.2025 لە راگەیاندراوێكدا دەڵێن، “ئەمڕۆ خۆشحاڵین بە راگەیاندنی گەیشتنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ زیاتر لە 2.7 ملیۆن هاوڵاتی، کە دەکاتە نزیکەی 40%ـی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکی”.

وەزارەتی كارەبا دەڵێت، دوابەدوای ئەم فراوانبوونەی ئەمڕۆ، زۆرینەی هاوڵاتییان لەسەر ئاستی شارەکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دەستیان بە کارەبای 24 کاتژمێری دەگات.

“ئەم دەستکەوتە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو دابینکردنی کارەبایەکی بەردەوام و هەرزانتر لە پاڵ ژینگەیەکی پاکتر لە هەرێمی کوردستان”، وەزارەتی كارەبا وا دەبێژێت.

بەپێی راگەیاندراوی وەزارەتی كارەبا، دوایین ئاماری هاوڵاتی و هاوبەشانی نێو پڕۆژەی رووناکی بەم جۆرەیە:

هەولێر

• هاوڵاتی: 1,458,000

• هاوبەش: 380,000

سلێمانی

• هاوڵاتی: 976,500

• هاوبەش: 257,000

دهۆک

• هاوڵاتی: 288,000

• هاوبەش: 79,000

کۆی گشتی

• هاوڵاتی: 2,722,500

• هاوبەش: 716،000

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەدا وەزارەتی كارەبای كوردستان دەڵێت، زیاتر لە دوو هەزار و 517 مۆلیدەی گازوایل لە گەڕەکەکان کوژێنراونەتەوە، تا کۆتایی ساڵی 2026یش، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پلانیدایە زیاتر لە حەوت هەزار مۆلیدە بکوژێنێتەوە.

کۆی گشتی ژمارەی ئەو مۆلیدانەی کوژێنراونەتەوە لە پڕۆژەی ڕووناکی:

هەولێر

• ژمارەی مۆلیدە: 1,734

• هاوتای ئۆتۆمبیل (لەڕووی دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆنەوە): 300,000

سلێمانی

• ژمارەی مۆلیدە: 518

• هاوتای ئۆتۆمبیل: 90,000

دهۆک

• ژمارەی مۆلیدە: 265

• هاوتای ئۆتۆمبیل: 46,000

کۆی گشتی

• ژمارەی مۆلیدە: 2،517

• هاوتای ئۆتۆمبیل: 465،000

پڕۆژەی رووناكی بۆ دابینكردنی كارەبای 24 سەعاتی بۆ هاوڵاتیان، لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێكردووە و پێشتریش حكومەت رایگەیاندبوو کە هاوڵاتییان کەمترین پارەی کارەبایان دابوو لە پسوولەکانی مانگی پێنج، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ نرخە نوێیەکان، هەرچەندە هێشتا هەندێك لە هاوڵاتیان رەخنەیان لە نرخەكەی هەیە،

لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی كارەبا دەڵێت، لەژێر نرخە نوێیەکاندا، 80%ـی هاوڵاتیان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا، بەراورد بەو پارەیەی دەیاندا بە هەردوو کارەبای نیشتمانی و کارەبای مۆلیدە گازوایلەکان.

مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، پڕۆژەی رووناکی راگەیاند بە مەبەستی گەیاندنی کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان، پلانەكەش وایە تا کۆتایی ساڵی 2026 هەموو كوردستان بگرێتەوە.

هەروەها لە 14.5ی ئەمساڵ، ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکۆی دەنگ بڕیاری پەسەندکردنی پڕۆژەکەی دەرکرد، كە پلان وایە تا کۆتایی 2025 سەنتەری هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە کارەبای 24 کاتژمێریان پێ دەگات.

"کێشەی کارەبا سەرتاسەرییە و سازش لەسەر مافی هاوڵاتیان ناکەین"