دەیان وت قیامەتە
دانیشتووانی گوندێک تێکەوتن؛ ئەوەی فوڕات زێڕ نەبوو
964+
ئەحمەد مستەفا
خەریک بوو فەتوای قیامەتییان دەدا، تەنیا لەبەر ئەوەی قسەوباس ئەم دەم و ئەو دەمی دەکرد، کە لە ئاوی فوڕات زێڕیان بینیوە، بەڵام دەرکەوت زێڕ نییە و ماددەیەکی دیکە کە بە زێڕ دەچێ و ئەویش نییە، لە هەندێک شوێن ناویان ناوە “زێڕی گەمژە”.
دوو رۆژی رابردوو، چالاکوانان لە سۆشیال میدیا هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە هاوڵاتییەکی مەدەنی لە گوندی ئەلبوحەمەد لە رۆژهەڵاتی پارێزگای رەقە لە سوریا، تۆزی زێڕی لە رووباری فورات دۆزیوەتەوە، ئەمەش وای لە دەیان دانیشتووی ناوچەکە کرد، کە روو لە کەناری رووبارەکان بکەن، بەو هیوایەی زێڕی زیاتر بدۆزنەوە.
بەڵام، دوای لێکۆڵینەوەی زانستی و بەکارهێنانی سەرچاوە جیۆلۆجییەکان، دەرکەوت ئەو “زێرە”ی کە وێنە و ڤیدیۆکانی بڵاوبووەتەوە، لەڕاستیدا پیریت بووە، یان ئەوەی بە “زێڕی گەمژە” ناسراوە، ئەوەش بەگوێرەی زانیاری میدیا خۆجێیەکان لە زاری خەڵکی مەدەنی و بەرپرسانی ناوچەکە.
پیرایت، کانزایەکی سولفایدی ئاسنە و رەنگێکی زێڕینی کانزایی هەیە لە زێڕ دەچێت، بەهۆی رواڵەتێکی فریودەرەوە بە “زێڕی گەمژە” ناسراوە، بە شێوەیەکی باو لە بەردی نیشتوو و گڕکانەکاندا دەبینرێت و لە دروستکردنی گۆگرد و ترشی سولفوریکدا بەکاردەهێنرێت.
دابەزینی ئاستی ئاوی رووباری فوڕات کۆمەڵێک بەردی دەرخستووە کە پیریتی تێدایە، ئەوەش دیمەن و گومانی بە رەنگدانەوەی زێڕ لەسەر کەنارەکانی رووبارەکان دروست کردووە، سەرەڕای مەترسییە ژینگەییەکانی، بەڵام بە شێوەیەکی هەڕەمەکی کەسانێک هەن کە هەڵیدەکۆڵن.
روباری فوڕات یەکێکە لە دوو رووبارە گرنگەکان، درێژی دوو هەزار و 800 کیلۆمەترە، و لە سەرەتادا لە لقەکانی فوڕاتی سوور و موڕادی سوری پێک دێ، لە باکورى کوردستان ھەڵدەقوڵێن و هەزار و 110 کیلۆمەتر بەناو خاکی کوردستاندا دەڕوا، لە جرابلسەوە، دێتە خاکی کوردستانی رۆژئاوا لە سوریا، ئینجا لە نزیک ئەلبوکەمال دێتە ناو خاکی عێراقەوە.