28 هەزار پارچە جلوبەرگ بەسەر کەسانی کەمدەرامەت دابەش دەکرێت
964+
دیلان محەمەد – سلێمانی
لە پڕۆژەیەکی خێرخوازیدا 28 هەزار پارچە جلوبەرگ بەسەر کەسانی کەمدەرامەتدا دابەش دەکرێت.
هەناسە ئەرمەنی، خاوەنی بیرۆکەکەیە و جلەکان خۆی دابینی کردوون، بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەم پڕۆژەیە بریتییە لە دابەشکردنی 28 هەزار پارچە جلی بالە بەسەر کەسانی هەژار و کەمدەرامەتدا لە سلێمانی.
جلەکان بۆ سەرجەم تەمەنەکان دەبێت و هەر خێزانێکی کەمدەرامەت دەتوانێت بیباتەوە بۆ ئەندامانی خێزانەکەی.
هەناسە ئەرمەنی دەڵێت، بیرۆکەی ئەم کارەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کە یارمەتی کەسانی کەمدەرامەت بدات وەک ئەرکێکی مرۆڤانە.
رەوا نەجمەدین سەرۆکی رێکخراوی لەوەند بە 964ی وت، “لە لایەن خاتوونێکەوە ئەو بڕە جلوبەرگانە دابین کراوە و ئێمەش وەک رێکخراوی لەوەند، ئەرکی ئاگادارکردنەوەی کەسانی کەمدەرامەتمان گرتووەتە ئەستۆ و بانگەشەی بۆ دەکەین.”