هەڵەبجە
ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت فێر کران چۆن قەل و قاز و مریشک بەخێو بکەن
+964
ئەمەل ناجی – هەڵەبجە
رێکخراوی کەمئەمدامانی هەڵەبجە بە هاوکاری دارایی کونسوڵخانەی ئوسترالیا لە بەغداد لەم مانگەدا و لە چوارچێوەی خولێکدا راهێنانی بە 15 ژنی خاوەن پێداویستی تایبەت کردووە دەربارەی بەخێوکردن و بەڕێوەبردنی پرۆژەی پەلەوەریی زیرەک، ئەمڕۆش بڕوانامەی خولەکە و هاوکاری داراییان بەسەردا دابەش کرا.
ئامینە عەبدوڵڵا، بەشداربووی خولەکە بە 964ی وت:” من خۆم وردە وردە لە ژمارەیەکی کەمەوە دەستم کردووە بە بەخێوکردنی پەلەوەر و ئێستا مریشک، قەل و قازیش بەخێو دەکەم، لەم خولەدا فێری بەڕێوەبردن و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ نەخۆشی پەلەوەردا کراین، ئێستاش چاومان لەوەیە هەم پارێزگاری هەڵەبجە، کە خۆیشی ژنە و هەمیش رێکخراوە بیانی و ناوخۆییەکان هاوکاری داراییمان بکەن، تا بتوانین بەردەوامی بە پرۆژەکەمان بدەین و فراوانتری بکەین”.
مەریوان وەهبی، سەرۆکی رێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە بە 964ی وت: “ئەوانەی بەشدارییان کردووە هەموویان خاوەنی پرۆژەن و ئێمەش ماوەی 16 کاتژمێر راهێنانی زانستیمان پێداون و هاوکاری ماددیشیان پێدەدرێت، تا بتوانن لەسەر پرۆژەکەیان بەردەوام بن.
وتیشی، ئامانجی پرۆژەکە بەهێزکردنی ژنانە لەو کەرتەدا، ئێستا ئەو ژنانە نەک تەنیا دەتوانن پرۆژە بەڕێوەبەرن بەڵکو دەتوانن راهێنان بە ژنانی دیکەش بکەن، تا بتوانن داهاتێک بۆ خۆیان و خێزانەکانیان لەو رێگەیەوە بەدەست بهێنن”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا