رووداوەکانی هاتوچۆ زیادیان کردووە

هەڵەبجەییەكان خۆیان فێری چارەسەری فریاگوزاری دەكەن

ئەمەل ناجی – هەڵەبجە

لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە مردن و برینداربوون بەهۆی رووداوی هاتوچۆ و رووداوی نەخوازراوی دیکەوە زیادی کردووە، بۆ کەمکردنەوەی مردن بەهۆی ئەو رووداوانەوە رێکخراوی زانستی پزیشکی کوردستان لە ماوەی چەند رۆژێکدا راهێنانی فریاگوزاری سەرەتایی بە 700 کەس دەکات.

حەسەن شێخ جەمال، سەرۆکی رێکخراوی زانستی پزیشکیی کوردستان بە 964ی وت: “بە هاوکاری دارایی کونسوڵگەری چین لە کوردستان، وەک دیاری بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بڕیارمان دا بە کردنەوەی ئەم راهێنانە هاوکار بین لە کەمکردنەوەی مردن بەو رووداوانەی دەبنە هۆی برینداربوون و مردنی هاوڵاتیان، هەرچەند سەرەتا بڕیار بوو تەنیا راهێنان بە 100 کەس بکرێت، بەڵام بەهۆی زۆریی داواکاری، بڕیار وایە راهێنان بە 700 کەس بکەین”.

بە وتەی حەسەن شێخ جەمال، راهێنانەکە بۆ ماوەی رۆژێکە بۆ هەر گرووپێک، کە پێکهاتوون لە 100 بۆ 200 کەس، لە کاتژمێر هەشتی بەیانییەوە دەستپێدەکات بۆ کاتژمێر پێنجی ئێوارە و راهێنانەکان زیاتر بە شێوەی کردارەکی دەکرێن و فێرخوازان فێردەکرێن لە کاتی هەبوونی رووداوێکی نەخوازراو فریاگوزاری سەرەتایی بۆ برینداران بکەن.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا